گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 لە سەرەتای مانگی داهاتوو بەردەست دەبێت

ئەوروپا دەرمانی دژە کۆرۆنا لە ئەمریکاوە هاوردە دەکات 

2020.07.29 - 22:52
ئەوروپا دەرمانی دژە کۆرۆنا لە ئەمریکاوە هاوردە دەکات 

ناس کورد-

کۆمسیۆنی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، بەمەبەستی بەدەستهێنانی چارەسەرێک دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا گرێبەستێکیان بە دەیان ملیۆن دۆلار لەگەڵ کۆمپانیای (جیلیاد)ی ئەمریکی واژوکردووە و بەنیازن دەرمانی ڕیمدیسیڤیر لەسەرەتای مانگی ئابی داهاتوودا لەو کۆمپانیایە هاوردە بکەن.

 

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 29ی تەموزی2020) کۆمسیۆنی وڵاتانی یەکێیتی ئەوروپا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد "بەمەبەستی بەدەستهێنانی 30 هەزار دانە لەدەرمانی (ڕیمدیسیڤیر) دژ بەڤایرۆسی کۆرۆنا گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیای (جلیاد)ی ئەمریکی بەبڕی 73 ملیۆن دۆلار واژووکردووە".

 

ئاماژە بەوەکراوە "لەسەرەتای مانگی ئابی داهاتوو دەرمانەکە لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا بەردەست دەبێت".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە3ی ئەم مانگەدا یەکێتی ئەوروپا ڕەزامەندیدا لەسەر بەکارهێنانی چارەسەری ڕیمدیسیڤیر دژ بەپەتای کۆرۆنا تەنها بۆ حاڵەتە هەستیارەکان.

 

 بەگوێرەی ئامارەکانی پەیمانگای "ئینسی" فەرەنسی تایبەت بە ئامارە جیهانییەکان،" ڕێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کێشوەری ئەوروپا لەسەرەتای مانگی ئاداری ڕابردووەوە بەڕێژەی 50%دا زیادی کردووە".

 

 لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا 17 ملیۆن توشبووی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 666 هەزار کەسیش بە هۆی توشبوونیان بە ڤایرۆسەکەوە گیانیانلەدەستداوە.