گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی دەروازەکان دەکات

سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکان: دەروازەکانى هەرێم دەبەستینەوە بە عێراق 

2020.07.29 - 21:50
سەرۆکى دەستەى دەروازە سنورییەکان: دەروازەکانى هەرێم دەبەستینەوە بە عێراق 

ناس کورد-

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ڕایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراقی خۆی سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان دەکات و جەختدەکاتەوە، دەیانەوێت دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان بە گفتوگۆ و وتوێژ لەگەڵ بەرپەرسانی هەرێم بخەنەوە ژێر ڕکێفی حکومەتی فیدڕاڵییەوە نەک بەزەبری هێز.

 

عومەر وائیلی،سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق جەختی لەوە کردەوە :"مستەفاکازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی کۆنترۆڵکردنەوەی دەروازە سنورییەکان دەکات".

 

ئاماژەی بەوەشکرد :"کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکان و نەهێشتنی گەندەڵی تیایاندا لەسەر پێشنیار و داواکاریی ئێمە بووە، سەرۆکوەزیرانیش بەپەلە وەڵامی داینەوە و ڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتی خۆی پلانەکانی سەپاندنی یاساى لەو خاڵە سنورییانە جێبەجێ کرد".

 

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق باسیلەوەشکردووە :" بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە دەروازە سنورییەکان مانگی دوو جار ئەو هێزە سەربازیانەی کە سەرپەرشتی پاراستنی ئاسایشی دەروازەکان دەکەن دەگۆڕدرێت و تائێستا زیاتر لە 90 ئەفسەری ئەو دەروازانە بەهۆی گومانی گەندەڵییەوە گواستراونەتەوە بۆ دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و لە هەمانکاتیشدا بەڕێوەبەری هەموو دەروازە سنورییەکان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە و گۆڕدراون بە بەڕێوەبەری نوێ".

 

وائیلی ئەوەشی ئاشکراکردووە ، "حکومەتی فیدڕاڵی پلانی هەیە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان ببەستێتەوە بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق".

 

دەشڵێت :"هەرێمی کوردستان 11 دەروازەی سنوری هەیە تەنها شەش دەروازەیان لەلایەن بەغداوە بەفەرمی دانیان پێدانراوە، حکومەتی عێراقیش پلانی هەیە لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو دەروازانە بە دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراقەوە ببەستێتەوە".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "بەگوێرەی بڕیاری ژمارەی (13ی ساڵی 2019 بەندی دوو) دەبێت دەروازە سنورییەکانی هەرێم  ببەسرێنەوە بە حکومەتی فیدڕاڵی، بەڵام تائێستا ئەو بڕیارە جێبەجێنەکراوە و گفتوگۆکانیش لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە ماوەی ساڵێکە بەردەوامە".

 

وائیلی ئاشکرایکردووە :"بە دیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت سەرەتا حکومەتی ناوەندی دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەروازە سنورییەکانی ناوەڕاست و باشور بسەپێنێت دواتر بەرەو دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانی گفتوگۆین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی نەک بەزەبەری هێز".

 

سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە:" لەسەرەتای ئەمساڵەوە حکومەتی فیدراڵی 537 ملیار دینار داهاتی لە دەروازە سنورییەکان دەستکەوتووە کە ئەوەش بەراورد بە ساڵانی 2018 و 2019 بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیانکردووە".

 

مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرەتاى ئەم مانگە بڕیاریدا بە کۆنترۆڵکردنەوەی سەرجەم دەروازە سنورییەکانی عێراق، بە ناردنی سوپا و هێزی دژە تیرۆری عێراقی بۆ دەروازەکان، لە پێناو نەهێشتنی گەندەڵی و دەرکردنی لەدەست گروپە میلیشیاکان.

 

 تا ئێستا لە کۆی 21 دەروازە لە عێراقدا، 14 دەروازەیان بەتەواوەتی کۆنترۆڵکرد، کە 10 یان وشکانین و چواریان ئاوین، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێک ڕانەگەیەنراوە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم هەرچەندە بەرپرسانى بەغدا جەختدەکەنەوە کە پلانەکە بۆ هەموو خاڵە سنورییەکانە.

 

هەرێمى کوردستانیش چوار دەروازەى فەرمى هەیە لەگەڵ هەریەکە لە ئێران و تورکیا کە پێکهاتوون لە حاجى ئۆمەران لەنێوان پارێزگاى هەولێر-ئێران، باشماخ و پەروێزخان کە دەکەونە نێوان پارێزگاى سلێمانى-ئێران و ئیبراهیم خەلیل لەنێوان پارێزگاى دهۆک-تورکیا، لەگەڵ دەیان خاڵى دیکەى نافەرمى کە ڕۆژانە جموجۆڵى بازرگانى گەورە بەخۆیانەوە دەبینن.

 

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا  پێشتربە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، "هەموو دەروازە سنورییەکان لەچ شوێنێک بێت موڵکی ئەم وڵاتەیە و عێراقییە، ئەگەر پێویست بکات هێز دەنێرین بۆ بەرقەراکردنی سەقامگیری و ئاسایش  تێیاندا".

 

 لەبارەی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان خەفاجی وتبووی، "ئێمە لایەنێکی سەربازین و جێبەجێکارین و فەرمانەکان لەسەرکردایەتی سیاسی عێراقەوە وردەگرین، ئەگەر هەر فەرمانێک لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە دەربکرێت سەبارەت بەو پرسە ئەوا ئێمە جێبەجێدەکەین".