گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 ’هاووڵاتيان ئەشكەنجە دەدەن و سوكايەتيان پێ دەكەن’

هيومان ڕايتس وۆچ داواى لێکۆڵینەوە لە هەڵسوكەوتەكانى پاسەوانى گەڕەكەكان ى تورکیا دەكات

2020.07.29 - 17:30
هيومان ڕايتس وۆچ داواى لێکۆڵینەوە لە هەڵسوكەوتەكانى  پاسەوانى گەڕەكەكان ى تورکیا دەكات

ناس کورد- 

ڕێكخراوى هيومان ڕايتس وۆچ داوا لە دەسەڵاتدارانى توركيا دەكات لێكۆڵينەوە لەو ئەشكەنجەدان و خراپ مامەڵەكردنە بكەن كە هێزەكانى ئاسايش لە ئيستانبوڵ و باشورى ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە ئەنجامى دەدەن.

 

هيومان ڕايتس وۆچ لە ڕاپۆرتێكدا ئاماژەى بەوەداوە، بەڵگەى متمانەپێكراو هەيە كە پيشانى دەدات هێزەكانى ئاسايش لە گەڕەكەكانى توركيا لەماوەى دوو مانگى ڕابردودا پێشێلكارى مەترسيداريان دژى 14 كەس ئەنجامداوە لە 6 ڕووداوى جياوازدا لە شارى ئيستانبوڵ و دياربەكر لە باشورى ڕۆژهەڵاتى ئەو وڵاتە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، ئەو حاڵەتانە جێى نيگەرانين و بريتين لە دەستگيركردن و توندوتيژى و لێدان و چەندين جۆرى ترى پێشێلكارى، داواش لە دەسەڵاتدارانى توركيا دەكات لێكۆڵينەوە لەو بابەتە بكەن.

 

لە مانگى شەشى ئەمساڵدا پەرلەمانى توركيا پڕۆژە ياسايەكى پەسەندكرد كە بووە جێى مشتومڕ و ياساكە دەسەڵاتى گەورەى داوە بە هێزێك بەناوى "پاسەوانانى گەڕەكەكان" كە شەوان دەگەڕێن و ڕاپۆرت لەسەر دزى و تێكدانى سيستمى گشتى دەدەن و ئەو هێزانە سەرجەم دەسەڵاتەكانى هێزەكانى پۆليسيان پێدراوە، لە ديارترينيشيان هەڵگرتنى چەك.

 

ڕێكخراوەكە باس لە حاڵەتەكان دەكات و ئاشكرايكردوە، لە دوو حاڵەتدا ئەو هێزانە بە سەگەكانيانەوە چونەتە سەر ماڵەكان و پەلامارى خاوەن ماڵەكانيان داوە و ئاسەوارى گازى سەگەكان بە جەستەيانەوە ديارە، هەروەها لە دوو حاڵەتى تردا ئەوانەى بە تۆمەتى كوشتنى ئەندامانى پۆليس دەستگيركراون ڕوبەڕوى سوكايەتى و لێدان بونەتەوە، ئەوەش بەپێى ئەو وێنانەى لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاوكراونەتەوە.

 

هيومان ڕايتس وۆچ جەختیشى كردوەتەوە، بە بەڵگەنامە ياسايى و پزيشكيەكانى ئەو حاڵەتانەى ڕاگەيەنراون چونەتەوە و چاوپێكەوتنيان لەگەڵ شايەتحاڵ و قوربانيەكان و پارێزەرەكانيان و خێزانەكانياندا كردوە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، دەسەڵاتدرانى توركيا بەبێ هيچ لێكۆڵينەوەيەك چوار لەو تۆمەتانەيان ڕەتكردوەتەوە.

 

لاى خۆيەوە "تۆم بۆرتيوس" جێگرى بەڕێوەبەرى بەرنامەى "هيومان ڕايتس وۆچ" دەڵێت، ڕەتكردنەوەى تۆمەتەكان لەلايەن هێزەكانى پۆليسەوە دەستبەجێ سوكايەتيكردنە بەو ڕاپۆرتانەى سەبارەت بە توندوتيژى و خراپ مامەڵەكردنەكان ئامادەكراون و ئەوەش جێى نيگەرانييە بەڵام قبوڵكراو نييە.