گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بەهیواین لە نزیکترین دەرفەت بگەین بە ڕێککەوتن’

مەسرور بارزانى: چەندین پێشنیار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ کراون

2020.07.29 - 16:27
مەسرور بارزانى: چەندین پێشنیار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ کراون

ناس کورد-

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە میانەى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا هیواى ئەوەى خواست لە دەرفەتێکى نزیکدا هەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن و رایگەیاند "چەندین پێشنیار بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ کراون".

 

لە راگەیەندراوى نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیراندا مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تیشکی خستۆتە سەر دواین ئەنجامەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و ئاماژەی بەوە دا، کە گفتوگۆ و دانوستان بەردەوامە و حکومەتی ھەرێم دووپاتی پابەندبوون بە ئیلتزامە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە لە بەرامبەر دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی ھەرێم، چەندین پێشنیاریش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن ئالوگۆڕ کراون و ھیوای خواست لە نزیکترین دەرفەتدا، دوای پشووەکانی جەژن بگەینە ڕێکەوتنێکی ھاوسەنگ کە بەرژەوەندی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکەدا لە کۆبوونەوەکەى ئەنجومەنى وەزیراندا، پێشوازی لەو کەشە ئەرێنی و لەیەکگەیشتنە کراوە کە لە ئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هاتووەتە ئاراوە بۆ نەهێشتنی گرژییەکانی ناوخۆ.

 

هاوکات  ئەنجومەنی وەزیران ژوورەکانی ئۆپەراسیۆنی ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنمایی تەندروستی نوێ لە پێناوی پاراستنی ژیان وسەلامەتی ھاووڵاتیان.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە رونکراوەتەوە کە ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە پلان و ھەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قەیرانی دارایی و بە تایبەتیش دابینکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەرکی لە پێشینەیانە.