گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆنتڕۆڵکردنى چەک و دارایی

ڕاوێژکارێکى کازمى مەرجەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرادەکات

2020.07.29 - 15:34
ڕاوێژکارێکى کازمى مەرجەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى هەڵبژاردن، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دەبەستێتەوە بەچەند مەرجێکى سەرەکییەوە کەپێویستە پێش بەرێوەچوونى جێبەجێبکرێن.

 

عەبدولحسێن هنداوى راوێژکارى مستەفا کازمى بۆ کاروبارى هەڵبژاردن بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، پێش ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە چەند مەرجێک پێویستە جێبەجێبکرێن، لەوانە تەواوکردنى یاساى هەڵبژاردن و ئامادەکردنى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، کۆنتڕۆڵکردنى چەک و دارایی لەلایەن دەوڵەتەوە، لەگەڵ ئامادەکردنى راى گشتى.

 

وتیشى "ئاماژەى دیار لەبەردەستن لەبارەى تواناى ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە".

 

ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەخیتە یەکێکە لە خاڵەکانى کارنامەى حکومەتەکەى مستەفا کازمى، بەڵام هێشتا وادەى هەڵبژاردنەکە دیارینەکراوە.

 

بەوتەى عەلى تەمیمى شارەزاى یاسایی، ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە پێویستى بەچەند بنەمایەکى سەرەکى هەیە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان لەلایەن خۆیەوە یان بە بڕیارى هاوبەشى سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، چونکە لەگەڵ بوونى پەرلەمان ناتوانرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت.

 

وتیشى بنەمانى دیکە بریتین لە دەنگدان لەسەر یاساى هەڵبژاردن و یەکلاکردنەوەى پرسی فرە بازنەیی هەڵبژاردن. لەگەڵ تەرخانکردنى بودجە بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.