گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دۆخی تەندروستی بزانە؟

سابیر کوردستانی توشی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیە

2020.07.29 - 11:50
سابیر کوردستانی توشی کۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەیە

ناس کورد-

هونەرمەند سابیر كوردستانی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە و لە نەخۆشخانەی ئاسای سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشكیدایە، كوڕێكیشی دەڵێت، "چاكبوونەوەی باوكمان هەموو شتیكە بۆ ئێمە."

 

هاوڕێ سابیر كوردستانی تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، "ئێستا باوكم لەژێر چاودێری پزیشكەكانی نەخۆشەكانی ئاسادایە و كەمێك هەناسەی توند بووە و چارەسەری بۆ دەكرێت."

 

وتیشی، "بەپێی وتەی پزیشكەكان دۆخی زۆر خراپ نییە و چاوەڕوانی بەرەو باشتری دەكەن، ئێستا تەنگە نەفەسی هەیە و سینگیشی دووچاری هەوكردن بووەتەوە."

 

كوڕەكەی ئەو هونەرمەندە ناسراوەی كورد ئەوەشی ڕوونكردەوە، پێنج شەممەی ڕابردوو هەستیان بەنیشانەكانی پەتاكە بەسەرییەوە كردووە و لەماڵەوە كەرەنیتنەیان كردووە، تەنها ڤیتامین و چەند چارەسەرێكی سەرەتاییان بۆ كردووە بەڵام كە دۆخی تێكچووە سێ ڕۆژ پێش ئێستا بردویانەتە نەخۆشخانەی شۆڕش و دوو ڕۆژ لەوێ خەوێنراوە.

 

سابیر كوردستانی لە حەفتاکانی تەمەنیدایە و خاوەنی چوار منداڵە، یەكێكە لە هونەرمەندە میلییەكان و لە هەشتاكانەوە بە گۆرانییەکانی چووەتە ناو كۆمەڵگەی كوردیەوە و هەواداری زۆرە.

 

هاوڕێ سابیر دەشڵێت، "یەك شەوە باوكم ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئاسا كراوە و هەموو پشكنینەكانیشی دەركەوتووە كە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە، بەڵام هۆكاری تووشبونەكەی نازانن چۆن بووە."

 

لە وەڵامی داواكارییان لە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێم چییە، هاوڕێ سابیر وتی، " تەندروستی باوكممان بەلاوە زۆر مەبەستە و چاكبوونەوەشی هەموو شتێكە بۆ ئێمە."