گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’بەكارهێنانی هێز بۆ كۆنتڕۆڵكردنیان گرنگە’’

سەرۆكی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق: بەرەو خاڵە سنورییەکانی هەرێم بجوڵێن

2020.07.29 - 11:42
سەرۆكی لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق: بەرەو خاڵە سنورییەکانی هەرێم بجوڵێن

ناس کورد-

سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، پاش كۆنترۆڵكردنی ژمارەیەك خاڵی سنوری لەلایەن حكومەتەوە، عێراق دەستی كردووەتە چنینەوەی بەرهەمەكەی بۆ خەزێنەی گشتی و كاتی ئەوە هاتووە بەرەو خاڵە سنوریەكانی هەرێمی كوردستانیش بجوڵێت.

 

تا ئێستا پلانەکەى بەغدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان بەهێز، هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە، کە خاوەنى چوار دەروازەى سنورى نێودەوڵەتى و چەندین دەروازەى نافەرمییە، هەرچەندە بەرپرسانى بەغدا جەختدەکەنەوە کە پلانەکە بۆ هەموو خاڵە سنورییەکانە.

 

لە ڕاگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ چوار شەممە، 29ی تەمموزی 2020، بڵاویكردووەتەوە، سەلام شەمەری، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، حكومەت خەریكە بەرهەمی بڵاوكردنەوەی هێزە ئەمنیەكانی بەسەر خاڵە سنورییەكاندا دەچنێتەوە ئەوەش لەڕێگەی كۆنترۆڵكردنی تەواوی هاوردە و هەناردەی شتومەكە جیاوازەكانەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، لەسەر حكومەت پێویستە بەدانوستان و گوتارە فەرمییەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمدا ڕادەستكردنی خاڵەسنورییەكانی هەرێم بكاتە كاری لەپێشنیەی، چونكە داهاتی خاڵە سنورییەكانی هەرێم ناشەفافە.

 

شەمەری دەشڵێت، بەكارهێنانی ڕێگەی سەربازی بۆ داخستنی خاڵە سنورییە نایاساییەكان گرنگە گەرچی لەهەرێم بێت یاخود هەر ناوچەیەكی دیكەی عێراق.

 

تا ئێستا لە کۆی 21 دەروازە لە عێراقدا، 14 دەروازەیان بەتەواوەتی لەلایەن هێزە سەربازییەکانەوە کۆنترۆڵکراون، کە 10 یان وشکانین و چواریان ئاوین، بەڵام تا ئێستا هیچ پلانێک ڕانەگەیەنراوە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێم.