گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی بۆ ناس کورد: ڕازی نین بە وەڵامى بەرپرسانى حکومەت لەبارەى موچەوە

2020.07.29 - 11:13
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەى دارایی بۆ ناس کورد: ڕازی نین بە وەڵامى بەرپرسانى حکومەت لەبارەى موچەوە

ناس کورد-

سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، وەڵامەکانى بەرپرسانى حکومەت لەبارەى موچەى فەرمانبەرانەوە ڕازی نەکردوون و لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن تا حکومەت موچە دابەش بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوێنێ پەرلەمانى کوردستان بانگهێشتى وەزیرى دارایی و چەند وەزیررێکى دیکەى حکومەتى هەرێمى کرد و لەسەر دۆخى دارایی و موچە وەڵامى پرسیارى پەرلەمانتارانیان دایەوە، بەڵام هیچ وادەیەکیان ڕانەگەیاند بۆ دابەشکردنى موچە، تەنها وتی پێش جەژن ناتوانن موچە دابەش بکەن.

 

زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "وتەکانى وەزیرى دارایی و بەرپرسانى حکومەت لەبارەى موچەوە شتى نوێیان تێدا نەبوو، وەڵامەکانیان لەو بارەیەوە پەرلەمانتارانى ڕازی نەکردووە".

 

وتیشى، "وەزیرى دارایی هیچ وادەیەکى بۆ دابەشکردنى موچە ڕانەگەیاند، جگە لەوەش وەڵامى ئەوەینەدایەوە کە ئایا ئەو 21%ى مانگى پێشوو لە موچەى فەرمانبەران بڕدرا پاشەکەوت بووە یاخود لێبڕین و بەردەوام دەبێت یاخود نا".

 

سەبارەت بە هەنگاوەکانى دیکەى پەرلەمان لەو بارەیەوە، زیاد جەبار وتى، "بانگهێشتکردنى ئەو وەزیرانە ڕێکارێکى یاسایی بووە، پەرلەمان لە ڕێکارەکانى لەو بارەیەوە بەردەوام دەبێت".

 

لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا کە لەکۆبوونەوەى دوێنیی پەرلەمان خرایە ڕوو، قەیرانى دارایی و دابەشنەکردنى موچەى فەرمانبەرانى بۆ چەند هۆکارێک گەڕاندەوە، هەروەها چەند راسپاردەیەکى بۆ چارەسەرى دۆخەکە ئاڕاستەى حکومەت کرد.

 

زیاد جەبار باسى لەوەکرد، پێویستە حکومەت کار لەسەر راپۆرتەکەیان بکات، تا موچەى فەرمانبەران دابەشبکرێت و دۆخى دارایی چارەسەر بکرێت.

 

بەپێی راپۆرتەکە، دۆخى دارایی هەرێم بەدۆخێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت، پێدانى موچە ناسەقامگیریی تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆى سێ فاکتەرەوەیە، کە یەکێکیان جیهانییە و وەک پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت، دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا، رێکنەخستن و گەندەڵى لەهەندێ سێکتەرى خەرجى و داهات.  

  

ئاماژەى بەوەشکردووە، داهاتى شەش مانگى ئەمساڵ گومرگ 505 ملیار دینار بووە،  باج لەماوەى پێنج مانگدا 154 ملیار دینار بووە.   

  

هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەشە بودجەى هەرێم لە شەش مانگدا ترلیۆنێک و 759 ملیار دینار بووە، بە چوار سلفە هاتووە و هەرجارەى 11 ملیار و 880 ملیۆن دینارى لێ بڕدراوە بۆ پێدانەوەى قەرزى بانکە ئەهلییەکان، کۆى قەرزى بانکەکانیش زیاتر لە 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە، ئەو داهاتەى ماوەتەوە ترلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینارە.  

  

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ئەو بڕەى سامانە سروشتییەکان داویەتى بە وەزارەتى دارایی بۆ دابەشکردنى موچە 345 ملیار و 203 ملیۆن دیناربووە بۆ هەر مانگێک، کە هەمووى دەکاتە ترلیۆنێک و 35 ملیار و 610 ملیۆن دینار، هەروەها لە سێ مانگى دواتردا و دواى دابەزینى نرخى نەوت مانگانە 283 ملیار و  424 ملیۆن دینارى رادەستى وەزارەتى دارایی کردووە.  

  

سەبارەت بە هاوکارییەکانى هاوپەیمانان، لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، لەشەش مانگی ئەمساڵدا هاوکارییەکانى هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینار بووە.  

  

ڕونیشیکراوەتەوە، موچەى چوار مانگ لەمساڵدا نزیکەى سێ ترلیۆن و 580 ملیار دیناربووە، موچەى مانگى شوبات دواى بڕینى بەشێکى نزیکەى 700 ملیار دینار بووە.  

  

لیژنەکە چەند راسپاردەیەکى خستووەتەڕوو بۆ زیادکردنى داهات لەوانە، بەردەوامى دانوستان لەگەڵ بەغدا، داواکردن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بۆ ئەوەى بەغدا شایستە داراییەکانى هەرێم خەرج بکات، ئەولەویەتى حکومەت پەیداکردنى داهات بێت بۆ موچە، جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى، وەرگرتنەوەى قەرز لە کۆمپانیاکان، چاکسازیکردن لە سەرچاوەکانى داهات، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان، وەرگرتنى باج لە کۆمپانیاکانى نەوت و گاز و کۆمپانیاکانى پاسەوانى، کۆنتڕۆڵکردنى سەرجەم خاڵە سنورییەکان، پێداچونەوە بەو کۆمپانیایانەى لەخاڵە سنورییەکان کاردەکەن.