گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆكاری لاوازی ئینتەرنێت ئاشكرا کرا

عێراق ’’ماڵئاوایی لە ئینتەرنێتی وای فای’’ دەکات

2020.07.29 - 10:16
عێراق ’’ماڵئاوایی لە ئینتەرنێتی وای فای’’ دەکات

ناس کورد-

وەزارەتی پەیوەندییەكانی عێراق خراپی و سستی هێڵەكانی ئینتەرنێت بۆ خاوەن بورجەكان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێـ، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە سەرقاڵی پڕۆژەی وەبەرهێنانی كێبڵی تیشكدارن (فایبەر ئۆپتیک)، تا ماڵئاوایی لە واى فاى بکەن.

 

باسم ئەسەدی، بەڕێوەبەری كۆمپانیا گشتیەكانی پەیوەندیكردن و زانیارییەكان لەوەزارەتی پەیوەندییەكان بە ناس کوردی ڕاگەیاندووە، لاوازی خزمەتگوزارییەكانی ئینتەرنێت بۆ پشتبەستن بەشێوەیەكی نادروست بەخاوەن بورجەكان دەگەڕێتەوە ئەوەش وایكردووە توانای لاواز بێت و تووشی لەرە لەری بكات.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، وەزارەت هەوڵی زیادكردنی خزمەتگوزاری سیستمی كییڵی تیشكدار دەدات ئەوەش لەڕێگەی پڕۆژەی  تایبەتی ( FTTH) لەپێناو كۆتاییهێنان بەخراپی ئەو خزمەتگوزارییانە.

 

ئەسەدی باسی لەوەشكردووە، وەزارەت ئامادەیە بۆ قۆناغی گواستنەوە بەگۆڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە (وای فایەوە )بۆ كێبڵی تیشكدار.

 

ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، عێراق پێویستی بە شەش بۆ نۆ ملیۆن هێڵی تیشكداری FTTH هەیە، ئەوەشی پێشتر دەستیكەوتووە تەنها نزیكەی 650 هەزار هێڵە، ئەوەش بەهۆی هەژموونی هەندێ لایەنی جێبەجێكارەوە بەسەر پڕۆژەكانەوە لەساڵانی پێشوودا و خواستیان نەبووە ئەو خزمەتگوزارییە پێشکەش بکەن بەهۆی ئەوەی سودمەندی پڕۆژەی وای فای و لاوازی ئینتەرنێت بوون، كۆمپانیاكانی ئەو بوارەش ئینتەرنێتیان قۆرخكردووە.

 

بەوتەى ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پەیوەندییەكان، دوای گۆڕانكاری لەكابینەی حكومەت و پاڵپشتی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پڕۆژەكەی ئێستا، هەژموونی ئەو لایەنانە لەچاو جاران لاوازتربووە بۆیە ئەمساڵ پڕۆژەی كێبڵەكە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

لای خۆشیەوە، مستەفا سەعدون، وتەبێژی پڕۆژە نیشتیمانیەكان بۆ ئینتەرنێت و كۆمپانیای ئیرسەلینك ڕایگەیاندووە، سستی هێڵەكانی ئینتەرنێت پەیوەندی بەخزمەتگوزاری  3Gەوە نییە و زانیارییەكانیش لەو بوارەدا وورد نین.