گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قۆناغى نوێی ململانێی واشنتن و تاران لە عێراق

فڕۆکەى بێفڕۆکەوان پەیامى ئەمریکاى لە ئاسمانى بەغداوە گەیاند .. تارانیش بە کاتیۆشا وەڵامیدایەوە

2020.07.29 - 09:56
App store icon Play store icon Play store icon
فڕۆکەى بێفڕۆکەوان  پەیامى ئەمریکاى لە ئاسمانى بەغداوە گەیاند .. تارانیش بە کاتیۆشا وەڵامیدایەوە

ناس کورد-

عێراق بەکردەیی بووە بە گۆڕەپانى هێرشکردن و پاشەکشە لەنێوان ئێران و ئەمریکا، ئەویش لەرێگەى زیادبوونى جەنگى فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و موشەکى کاتیۆشا لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

رۆژى دووشەممە، دوو سەربازگەى عێراقى لە باکورى بەغدا کە هێزەکانى ئەمریکایان تێدایە روبەڕووى هێرش بوونەوە بە کاتیۆشا، دواى رۆژێک لە روودانى زنجیرەیەک تەقینەوە لە سەربازگەیەکى دیکەى عێراقى، کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانى سەر بە ئێرانەوە وەک کۆگاى هەڵگرتنى چەک لە باشورى بەغدا بەکاردەهێنرا، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى "عەرەب"ى لەندەنى.

 

رووداوەکانى ئەم هەفتەیە بە تەقینەوەیەکى گەورە لەناو سەربازگەیەکى هاوبەشى پۆلیسى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ و یەکێک لە لیواکانى حەشدى شەعبى دەستیپێکرد، کە لیواى 45ى تایبەت بە کەتیبەکانى حزبوڵاى نزیک لە سوپاى پاسداران بوو.

  

سەرەڕاى قسەى شایەتحاڵان لەبارەى بینینى تەنێک لە ئاسماندا لەساتى روودانى تەقینەوەکەدا، دەسەڵاتدارانى ئەمنى وتیان رووداوەکە بەهۆى گەرماى بەتینەوە روویداوە، ئەوەش هەمان ئەو گێڕانەوەیە بوو کە ڕاگەیاندنى حەشدى شەعبیش پشتیپێبەست، بەڵام دەسەڵاتدارانى فەرمى دواتر بەیاننامەکەیان لەو بارەیەوە لەسەر پێگەى فەرمى سڕیەوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئەو پێگەیە پێش نزیکەى ساڵێک لەمەوبەر روبەڕووى هێرش بووەتەوە لەچوارچێوەى هێرشە نادیارەکان بۆ خاپورکردنى چەک و تەقەمەنى هەڵگیراوى گروپە چەکدارەکانى حەشدى شەعبى.

 

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکان، هێرشەکەى ئەمدواییە کە دەسەڵاتداران پێیانوایە لەلایەن فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى ئەمریکییەوە ئەنجامدراوە، موشەکى مەودا مامناوەندیان خاپورکردووە کە سوپاى پاسداران بەم دواییانە لە ئێرانەوە بۆ عێراق گواستویەتییەوە، بۆ هەڵگرتنى بەشێوەى کاتى، پاشان گواستنەوەى بۆ سوریا.  

 

ئەو وێنانەى بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن کە بەشێکى گەورەى کۆگاکە بەتەواوى لەگەڵ زەوى تەخت بووە لەسەربازگەى سەقەر، بەڵام 24 کاتژمێر بەسەر ئەو هێرشەدا تێنەپەڕیبوو کاتێک دوو سەربازگەى عێراقى کە هێزەکانى ئەمریکاى تێدایە لە باکورى بەغدا روبەڕووى هێرشى موشەکى بوونەوە بە کاتیۆشا.

 

  ئەگەر ئەو هێرشەى سەر کۆگاکە ئەمریکى بووبێت، ئەوا هێرشە موشەکییەکان پێدەچێت ئیرانى بووبن، ئەوەش بەپێی ڕۆژنامەکە.

  

دەسەڵاتداران زانیارى کەمیان لەسەر هێرشەکان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام بەوتەى چاودێران، هێرشى گروپە چەکدارەکانى ئێران بۆ شوێنە چۆڵەکانى سەربازگەکان دەریدەخات کە تاران نایەوێت تێوەبگلێت لە کوژرانى سەربازانى ئەمریکى کە دەرگاى شەرێکى هەمەلایەنە بەروویدا دەکاتەوە.