گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سوود لە تەكنەلۆژیای سەردەم وەردەگرین

عێراق هێز ڕەوانەى سنورەکانی لەگەڵ وڵاتان دەکات.. ’’پلانێکمان هەیە’’

2020.07.29 - 09:23
عێراق هێز ڕەوانەى سنورەکانی لەگەڵ وڵاتان دەکات.. ’’پلانێکمان هەیە’’

ناس كورد-

وتەبێژی فەرماندەيي گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بۆ دابینكردنی ئاسایشی سنوری لەگەڵ سوریا و بەدرێژی سنورەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، هێزی سەربازیی پێویست ڕەوانە دەكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش سود لە تەكنەلۆژیای سەردەم وەردەگیردرێت.

 

یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، سنورەكانی عێراق بەشێوەیەكی باش بە بەردەوامی پارێزراون لەڕێگای بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای نوێ و كامیڕای چاودێری و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، سەرباری ئەوانەش، بە بەردەوامی ئۆپراسیۆنی سەربازی هێزە جیاوازەكان بەسەرپەرشتی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەنبار و جەزیرە و خۆرئاوای نەینەوا و بەڕێوەدەچێت ئەوەش بەمەبەستی ڕێگریكردن لەدزەكردنی تیرۆریستەكان بۆ ناو خاكی عێراق.

 

جەختیشی لەوە كردووەتەوە، ئۆپراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەكان ئامانجی ڕاوەدونانی پاشماوەكانی چەكدارانی داعش و قەڵاچۆكردنیانە، ئەو بنكە سەربازییانەی كە سنورەكانیان تۆكمە كردووە بریتین لە بنکەی سوپا و حەشدی شەعی و هێزەكانی پاسەوانی سنور بەتایبەتی لەسنورەكانی باكووری خۆهەڵاتی سوریاوە كە بەندیخانەی سەر بەهێزەكانی سوپای سوریای دیموكراتیشی تێدایە كە چەكدارانی داعش لەخۆدەگرێت.

 

وتەبێژەكەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، بڵاوکردنەوەى هێزە ئەمنی و سەبازیەکانیان و بازگەكانیان لەسەر سنورەكانی وڵاتانی تر چڕكردووەتەوە بە ئامانجی دابینكردنی ئاسایش و ڕێگریكردن لەدزەكردنی هەرجۆرە چەكدارێكی تیرۆیستی بەتایبەت لەناوچە بیابانەكان.

 

باسی لەوەش كردووە، حكومەت گرنگی داوە بە پرسی توندتۆڵكردنی سنورەكانی لەگەڵ سوریادا و پلانێك هەیە لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆوە بۆ بەردەوامیدان لەسەر توندوتۆڵكردنی پرسی سنوری و سود وەرگرتن لەتەكنەلۆژیا بۆ ئەو مەبەستە.