گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوای هەنگاوی بەپەلە دەکات

يونسێف: كۆرۆنا حەوت مليۆن منداڵى تر توشى بەدخۆراكى دەکات

2020.07.29 - 08:32
يونسێف: كۆرۆنا حەوت مليۆن منداڵى تر توشى بەدخۆراكى دەکات

ناس کورد- 

ڕێكخراوى يونسێفى سەربە نەتەوە يەكگرتووەكان پێشبينى دەكات ئە بەهۆى قەيرانى ئابوریيەوە كە ڤايرۆسى كۆرۆنا دروستى كردووە حەوت مليۆن منداڵى تر لە جيهاندا تووشى بەدخۆراكى ببن.

 

لەو بارەيەوە هێنرييتا فور، بەرێوەبەرى جێبەجێكارى يونسێف ڕايگەياندوە، توشبووانى سەرەتاى ڤايرۆسى كۆرۆنا حەوت مانگ پێش ئێستا تۆمار كران و بەردەوام كاريگەريەكانى پەتاكە لە نەخۆشيەكە خۆى زياتر لەسەر منداڵان زياد دەكات.

 

ڕونيشيكردووەتەوە، هەژارى و نەبوونى ئاسايشى خۆراك زياديان كردوە و دابينكردنى خۆراكى سەرەكى وەستاوە، نرخى كاڵا خۆراكيەكان بەشێوەيەكى گەورە بەرزبونەتەوە، بەهۆى ئەوانەشەوە سيستمى جۆريى خۆراكى منداڵان پاشەكشەى كردوە و ڕێژەى خراپى خۆراك زيادى كردووە.



بەپێى داتاكانى ڕێكخراوى يونسێف، پێش پەتاكە ژمارەى ئەو منداڵانەى لە جيهاندا بەدەست بەدخۆراكيەوە دەيانناڵاند 47 مليۆن منداڵ بوون لەساڵى 2019دا.

 

ڕێكخراوەكە ئەوەشى بڵاوكردوەتەوە، بەڵام بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاكە ژمارەكە بەرزدەبێتەوە بۆ 54 مليۆن، ئەوەش لە 12 مانگى سەرەتاى پەتاكەدا، لەوانەیە دەيان هەزار حاڵەتى ترى گيانلەدەستدانى منداڵانى لێبکەوێتەوە، بەتايبەتى لە دەوڵەتانى ئەفريقا و باشورى بيابانى گەورە.

 

زانايان لە شيكردنەوەيەكدا كە لە گۆڤارى "زە لانسێت"ى پزيشكى بڵاوكراوەتەوە، نيگەرانى خۆيان لە خراپى سيستمى خۆراك لەسەر منداڵان ڕاگەياندووە، چونكە لەسەر چەندين نەوەى داهاتوو كاريگەرى دەبێت و ڕێگە لە گەشەى منداڵان دەگرێت.

 

لە شيكردنەوەكەدا كە 118 دەوڵەتى گرتووەتەوە دەركەوتووە، كێشەى خۆراك كە بەهۆى كۆرۆنا دروستبووە لاوازبونى بەرێژەى 14.3% زيادكردوە لەوانەى كە تەمەنيان لەخوار پێنج ساڵەوەيە.

 

يونسێف و ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى و ڕێكخراوى خۆراك و كشتوكاڵ "فاو" و بەرنامەى خۆراكى جيهانى لە نامەيەكى كراوەدا داوايانكردووە كە لەو بارەيەوە جوڵەى بەپەلە بكرێت.

 

لە نامەكەدا ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، دابينكردنى پێويستيیە سەرەكيەكان بۆ پاراستنى ئەو منداڵانە پێويستى بە دوو مليار و 400 مليۆن دۆلار هەيە.