گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاش سێ رۆژ لەسوتانی زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی و ڕەز و باخ ئاگرەکەی شارباژێر کۆنتڕۆڵکرا

2020.07.29 - 00:31
پاش سێ رۆژ لەسوتانی زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی و ڕەز و باخ ئاگرەکەی شارباژێر کۆنتڕۆڵکرا

ناس کورد- سامی پاشا

ماوەی چەند رۆژێکە ئاگرێکی گەورە لە شاخێکی شارباژێر کەوتۆتەوە و زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی و پاوان و ڕەز و باخی ناوچەکە سوتان، بەوتەی پەیامنێری ناس کورد-یش، درەنگانی ئەمشەو ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و بەرپرسێکی ناوچەکەش هۆکاری درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە ئاشکرادەکات.

 

بە وتەی چەند شایەتحالێکی ناوچەکە، ھۆکاری سەرەکی ئاگرەکە دەگەرێتەوە بۆ ھەورە بروسکەی چەند رۆژی رابردوو.

 

کامەران عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی گاپیلۆن بە ناس کوردی راگەیاند: "ماوەی سێ رۆژە ئاگرەکە کەوتۆتەوە، پێشتر کۆنتڕۆڵکرا، بەلام دووبارە بەشێوەیەکی بەربڵاو سەری ھەڵدایەوە "

 

وتیشی، ئاگرەکە زیانێکی زۆری بە پوش و پاوانی گوندەکانی ( وڵاغلوو، کونەماسی، باڵخ و دۆلبێشک  گەیاندووە و زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی سوتاوە.

 

لەبارەی درەنگ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەوە، بەڕێوەبری ناحیەی گاپیڵۆن باسی لەوەکرد، بەھۆی نەبوونی ستافێکی جێگیر لە ناحیەکە و کەرەستە سەرەتایەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە و ھەروەھا رێگای بۆ ئوتومبێلی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە نەبوو، ئاستەنگییان بۆ دروستبووە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

 

هاوکات پەیامنێری ناس کورد لە ناوچەکە ڕایگەیاند، درەنگانی ئەمشەو ئاگرەکە بەچەند تیمێک کۆنترۆڵکرا کە جگە لە تیمەکانی ناوچەکە لە سلێمانی و دەربەندیخانەوە چەند تیمێک بۆ کۆنترۆڵکردنی چوبوون .

 

کاروخ کە ھاولاتیەکی گوندی وڵاغلو-وە بە ناس کوردی وت: " ماوەی سێ رۆژە سەرقالی کوژاندنەوەی ئاگرەکەین، جگە لە نەمانی پاوانی گوندەکەمان کە سەرچاوەی لەوەڕاندنی ئاژەلێکی زۆری وردەی هاووڵاتیانی ناوچەکەن، چەند رەزێکی ترێ و چەندین دۆنم چوالەی ھاوولاتیان و داری دارەبەن سوتاون."

 

گوندی وڵاغلوو دەکەوێتە سنوری ناحیەی گاپیلۆنەوە بە دوری 45 کم لە شاری سلێمانییەوە دوورە .