گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

موشەكەكانى ئێران دوو بنكەى سەربازیی ئەمريكییان لە كەنداو خستە حاڵەتى ئامادەباشيەوە

2020.07.28 - 23:19
موشەكەكانى ئێران دوو بنكەى سەربازیی ئەمريكییان لە كەنداو خستە حاڵەتى ئامادەباشيەوە

ناس کورد- 

بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكانى ئەمريكا، دواى ئەوەى سێ موشەكی ئێران لە نزيك بنكە سەربازیيەكانى ئەمريكا لە ناوچەكە كەوتنە خوارەوە، دوو بنكەى سەربازیی ئەمريكا لە كەنداو خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشيیەوە.

 

باربارا ستار، پەيامنێرى تۆڕى CNN لە وەزارەتى بەرگریی ئەمريكا "پنتاگۆن" لە تۆڕى كۆمەڵايەتى تويتەر بڵاويكردوەتەوە، هەردوو بنكەى ئاسمانیى "عەدید" لە قەتەر و "زەفرە" لە ئيمارات كە هێزەكانى ئەمريكايان تێدايە، لە بەيانى ڕۆژى سێشەممەوە خراونەتە حاڵەتى ئامادەباشیيەوە، ئەوەش دواى ئەوەى ئاماژەكان دەريانخست كە موشەكى ئێرانى بەرەو ڕوويان دەچێت.

 

ڕونيشكراوەتەوە، كارمەندانى بنكە سەربازيیەكان ئاگاداركراونەتەوە كە بۆ چەند خولەكێك بچنە حەشارگەكانەوە و بەرپرسانى ئەمريكى باسيان لەوەكردوە لەوپەڕى حاڵەتى ئامادەباشيدان.

 

موشەكەكانى ئێران لە چوارچێوەى مانۆڕێكى سەربازیى سوپاى پاسدارانى ئەو وڵاتەدا لە ئاوەكانى نزيك ئەو بنكە سەربازیيانە كەوتنە خوارەوە، لە مانۆڕەكەدا سوپاى ئێران تەنێكى دروستكراوى وەهمیى ئەمريكى كە كەشتیيەكى جەنگى بوو تەقاندەوە، ئەوەش لە چواچێوەى ڕاهێنانەكاندا، ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكاش كارەكەى ئێرانى بە سەركێشى و نابەرپرسانە وەسفكرد.

 

تەلەفزيۆنى فەرمیى سوپاى ئاسمانى و دەريايى سەربە سوپاى پاسدارن وێنەى مانۆڕەكەى بڵاوكردەوە و كەشتیيە دروستكراوە وەهميەكەى ئەمريكا لە جۆرى "نيميتز" بوو.

 

ئەوەش دواى ئەوەدێت، گرژيەكانى ئەمريكا و ئێران لە زيادبووندان و دواى كوشتنى قاسم سولەيمانى، فەرماندەى پێشووی فەيلەقى قودسى ئێرانى، ئەو وڵاتە دوو بنكەى سەربازیى ئەمريكاى لە عێراق موشەكباران كرد، ناوبەناويش هەڕەشەى تۆڵەى زياتر لە ئەمريكا دەكات.