گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەندامێکی شاندی هەرێم: بەغدا نایەوێت لەگەڵمان ڕێکبکەوێت

2020.07.28 - 20:02
ئەندامێکی شاندی هەرێم: بەغدا نایەوێت لەگەڵمان ڕێکبکەوێت

ناس کورد-

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایگەیاند، ئەوەی کە نایەوێت ڕێککەوتن بکات بەغدایە نەوەک هەرێم، ڕەخنەش لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا دەگرێت کە شتێکیان بەسەردا تێپەڕیوە مەترسییە لەسەر قەوارەی هەرێم.

 

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە میانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "دەنگۆیەک هەیە کە باس دەکرێت حکومەتی هەرێم نایەوێت ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات، بەڵام دڵنیابن بەوشێوەیە نییە و پێچەوانەکەی ڕاستە."

 

وتیشی: "ئێمە هەموو داواکارییەکی بەغدامان جێبەجێکردووە، بەڵام ئەوان بەهیج شتێک ڕازی نین و بودجەی هەرێمیان بڕیوە."

 

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەوان خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هۆکارێکی سیاسییە و هیچ هۆکارێکی دەستوری و یاسایی نییە."

 

ئومێد سەباح ڕەخنەی لە نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا گرت بە پەرلەمانتار و وەزیرەکانەوە و ئاماژەی بەوەکرد: "لەیاسای بەڕێوەبردنی دارایی عێراقدا خاڵێک چەسپێندراوە کە هەرێمی کوردستان نەتوانێت خۆی بودجەی هەبێت و بۆ دانانی بودجە پێویستە بگەڕێتەوە بەغدا و هاوشێوەی پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ئەوەش بەسەر پەرلەمانتار و وەزیرە کوردەکاندا تێپەڕیوە."

 

جەختیشیکردەوە: "پێویستە هەموومان هەوڵبدەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە، چونکە دژی مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و قەوارەی هەرێمە."

 

قسەکانی ئومێد سەباح لەکاتێکدایە، هەر لە دانیشتنەکەی پەرلەماندا، خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا ڕایگەیاند، ئومێدیان هەیە بەمنزیکانە لەگەڵ بەغدا بگەنە ڕێککەوتن.