گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغدا دوا پێشنیازی خۆی بۆ ڕێککەوتن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کرد

2020.07.28 - 19:29
بەغدا دوا پێشنیازی خۆی بۆ ڕێککەوتن ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کرد

ناس کورد-

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا گفتوگۆکانی هەرێم و بەغدا زۆر بەقورس ناودەبات و ڕاشیگەیاند، ئەمڕۆ دوا پێشنیازیان لە بەغداوە بۆ هاتووە لەسەر ڕێککەوتن و هەرێمیش هەر ئەمڕۆ وەڵامی بەغدایان داوەتەوە و پێدەچێت دوای جەژن شاندەکەی هەرێم بچێتەوە بەغدا.

 

خالید شوانی، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا لەمیانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: "دانوستانەکانی هەرێم و بەغدا زۆر قورس و ئاڵۆزە، بەڵام هێشیا بی ئومێد نین لەوەی بگەین بەڕێککەوتن."

 

وتیشی: "هۆکاری قورسی دانوستانەکان ئەوەیە کە بەغدا دەزانێت هەرێم بە چ دۆخێکدا تێدەپەڕێت و دەشزانن کە کارتە سیاسییەکانی ئێمە هێندە زۆرنین لە بەکاریبهێنن و ئەوان زۆرجار ئەو پرسە تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان دەکەن."

 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا کە ئەندامی شاندی باڵای هەرێمیشە ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ سێشەممە دوا پێشنیاز لە حکومەتی عێراقەوە گەیشتە ئێمە و ئێمەش هەر ئەمڕۆ وەڵامی خۆمان بۆ ناردنەوە، واتە تاڕادەیەک دانوستانەکان چوونەتە پێشەوە و ئەگەر بەمشێوەیە بێت، لەدوای جەژن دەچینەوە  بەغدا بۆ زیاتر گفتوگۆکردن و گەیشتنە ڕێککەوتن."

 

خالید شوانی باسی لەوەشکرد: "گرنگە ئێمە لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەوین و ئەوەشمان دەوێت، چونکە دۆخی دارایی هەرێم خراپە و داهاتی نەوت کەمە، بەڵام پێویستە ڕێککەوتنەکە مافی هەرێمی تێدا پارێزراو بێت و پێچەوانەی دەستور نەبێت."

 

دەربارەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و گرفت بۆ ڕێککەوتن ڕونییکردەوە: "تاوەکە ئێستا بەغدا بەفەرمی دانی نەناوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم، بەڵام بەگوێرەی دانوستانەکان کێشەی لەگەڵ ئەو گرێبەستانەدا نییە و ئەوە نابێتە ڕێگر لەبەردەم ڕێککەوتن."