گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’عەسای سیحریمان پێ نییە بە دوعاکردن موچە دابەش بکەین’’

وەزیری دارایی ڕێککەوتنێکی هەرێم و بەغدا و چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی ئاشکرادەکات

2020.07.28 - 18:23
وەزیری دارایی ڕێککەوتنێکی هەرێم و بەغدا و چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وەزیری دارایی هەرێم ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عەسای سیحری پێ نییە سبەینێ موچە دابەشبکات و دەشڵێت، لەماوەی رابردوودا لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتن لەسەر هەموو شتێک کە بەغدا مانگانە 900 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی هەموو شتێکی کۆتایی پێهینا.

 

لەمیانەی بەشداریکردنی لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، ئاوات جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی کێشەی دارایی هەرێمەوە ڕایگەیاند: "سەرچاوەی موچەی هەرێمی کوردستان بەشە بودجەی بەغدا، داهاتی نەوت و ناوخۆیە، ئەگەر ئەوە حازربێت سبەینێ موچە دابەشدەکەین، ئەگەر نەبێت کەواتە ناتوانین، بۆیە دابەشکردنی موچە بەستراوەتەوە بەو سەرچاوەی داهاتانەوە."

 

ئاوات جەناب جەختیشیکردەوە: "وەزارەتی دارایی عەسای سیحری پێنییە سبەینێ موچە دابەش بکات، یاخود بە دوعاکردن، بەڵکو کێشەی دارایی هەرێم بە بوونی سەرچاوەی داهاتی نیشتیمانیی چارەسەر دەبێت، ئەوەش بە کارکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکرێت."

 

دەربارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا و فرۆشتنی نەوتیشەوە ئاماژەی بەوەکرد: "حکومەتی هەرێم قەناعەتی بەوە هێناوە کە سیاسەتی فرۆشتنی نەوت بە سەربەخۆ شکستی هێناوە و سیاسەتی هەرێم ڕوو لەڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا."

 

وەزیری دارایی هەرێم ڕوونیشیکردەوە: "ئێمە لەسەردەمی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ بەغدا ڕێککەوتین و هەموو شتێک کۆتایی هات، ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی مانگانە بەغدا 900 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام بەداخەوە عادل عەبدولمەهدی دەستیلەکارکێشایەوە و ئەمەی ئێستا هەیە ڕوویدا."

 

 

 ئەوەش لەکاتێکدایە، هەرێم و بەغدا دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆکردن تائێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن و بەوتەی وەزیری دارایی عێراقیش، تاوەکو ڕیککەوتنیش نەکرێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم نانێرێت.