گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنا یەک شەپۆلی گەورەیە و وەرزی نییە

2020.07.28 - 18:21
تەندروستیی جیهانی: کۆرۆنا یەک شەپۆلی گەورەیە و وەرزی نییە

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە ئاسانکردن و خاوکردنەوەى ڕێکارەکانی بەرگرتن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وەرزی هاوین لە بەشی باکوری ڕووی زەوی و دەشڵێت، ڤایرۆسەکە هاوشێوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی نییە و هەمان ڕێچکە ناگرێتەبەر لە بڵاوبوونەوە.

 

مارگرێت هاریس، وتەبێژی فەرمی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە: "دەبێت ئەوە بزانین ئەم ڤایرۆسە نوێیە و هەڵسوکەوتیشی جیاوازترە لە هەڵسوکەوتی ڤایرۆسەکانی دیکە و پەیوەندی بە وەرزەکانەوە نییە".

 

وتەبێژی ڕێکخراوەکە هۆشداریشی داوە لەوەی مرۆڤەکان بیر لەهاتنی چەند شەپۆلێکی دیکەی نەخۆشییەکە بکەنەوە و دەڵێت: " ڤایرۆسەکە تەنها لە یەک شەپۆلی گەورە پێکهاتووە، هەندێک جار بەتوندێ تەشەنە دەکات و هەندێ جاری دیکەش کەم دەکات، بۆیە دەبێت بە پەیڕەوکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزەی کاریگەرییەکانی ئەو پەتایە لاواز بکەین".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە زانایان پێشبینی ئەوەیان کردووە لە وەرزی زستاندا شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسی کۆرۆنا گورزی خۆی لەبەشی باکوری زەوی بوەشێنێت، ئاماژە بەوەش دەکەن، بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزا لەوەرزی زستاندا ئەگەری هەیە کەمێک لەمەترسی توشبوون بەپەتاکە کەمبکاتەوە.

 

 توێژینەوە زانستییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە: "بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەشی باکوری ڕووی زەوی تەنها بە هاتنی وەرزی زستانەوە بەند نییە، بەڵکو بوونی چەندین بەکتریا و ڤایرۆسی دیکە، خراپی سیاسەتی حکومەتەکان و مامەڵەکردنیان لەگەڵ پەتاکە دۆخە مەترسیدارتر دەکات".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، "پێشبینیکردنی دۆخی تەندروستی لە بەشی باکوری زەوی لە وەرزی زستاندا کارێکی ئاڵۆز و گوماناویە، هەندێکجار هیوا بەخشە و هەندێجاری دیکەش دەبێتە مایەی دڵەڕاوکێ".

 

 ئەوەش ڕوونکراوەتەوە: "بەگوێرەی زانستی نەخۆشییە گوازراوەکان بوونی پەتایەک ڕێگریی لەسەرهەڵدانی پەتایەکی دیکە دەکات، بۆ نمونە بڵاوبوونەوەی پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی لە ئەوروپا لەساڵی 2009 ڕێگریکرد لە بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای بەراز لە وڵاتە ئەوروپییەکان".