گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئایا دەکرێت دووجار توشی کۆرۆنا ببیت؟

2020.07.28 - 17:29
ئایا دەکرێت دووجار توشی کۆرۆنا ببیت؟

ناس کورد-

شارەزایانی بواری تەندروستی تائێستا لەوە دڵنیا نین کە کەسانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای چاکبوونەوەیان دووبارە تووشی پەتاکە دەبنەوە یان نا؟، ئەوان دەڵێن، دژە تەنەکانی ڤایرۆسەکە تەنها چەند مانگێک لە جەستەی کەسی چاکبووەوە دەمێنێتەوە.  

 

زانایانی جیهان بەدوری دەزانن کەسی چاکبووەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای ماوەیەکی کەم دووبارە توشی پەتاکە ببێتەوە و دەشڵێن، تائێستا ئەوان دڵنیانین لەو بابەتە و گۆمانیان هەیە. 

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "تائێستا بە شێوەیەکی دیکۆمێنتاری حاڵەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە  لەکەسانەی توشبوو دوای  چاکبوونەوەیان لە نەخۆشییەکە بۆ کەسانی دیکە  تۆمارنەکراوە."

 

ڕوونیشکراوەتەوە، بەپێی توێژینەوەکان ئەو ڤایرۆسانەی کە لە هەمان خێزانی ڤایرۆسی کۆرۆنان، ماوەی بەرگریی لەشی مرۆڤ پاش چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکە لە نێوان سێ بۆ ساڵێکە، بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ئایا ڤایرۆسی کۆرۆناش هەمان حاڵەتی هەیە. 

 

هاوکات بە گوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە هەفتەی ڕابردوو بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە: "ئەو کەسانەی کە توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بە سوکی گرتوویانە بەرگریی لەشیان دژبە نەخۆشییەکە تەنها چەند مانگێک دەخایەنێت، ئەوەش ئەوە دەردەخات کە کەسانی چاکبوو لە پەتاکە ئەگەری هەیە جارێکی دیکە دوچاری ڤایرۆسەکە ببنەوە".

 

ئەوەش خراوەتەڕوو: "کەمی ماوەی بەرگریی لەشی مرۆڤ دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بیرۆکەی بەرگریی گشتی دژ بە نەخۆشییەکە پوچەڵ دەکاتەوە و ئەگەریشی هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر دروستکردنی ڤاکسینێکی درێژخایەن دژ بە پەتاکە کە لەئێستادا کلیلی ڕزگاربوونی مرۆڤایەتییە لە پەتاکە".