گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەیەکى ئەمریکى داوا لە ترەمپ دەکات دان بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا بنێت 

2020.07.28 - 15:30
لیژنەیەکى ئەمریکى داوا لە ترەمپ دەکات دان بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوا بنێت 

 ناس کورد-

لیژنەی ئازادییە ئاینییەکانی ئەمریکا، داوا لە ئیدارەی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بەفەرمی دان بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت وەک حکومەتێکی شەرعی لەو ناوچەیە، هاوکات داواشیکردووە، سزای تورکیا بدرێت لەسەر ئەو  پێشیلکایریانەی کە دەرهەق بەکەمینە ئاینییەکان و نەژادییەکانی ناوچەکە دەیانکات.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 28ی تەموزی 2020) لیژنەی ئازادییە ئاینییەکانی ئەمریکا داوای لە ئیدارەی دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد بەفەرمی دان بە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستاندا بنێت وەک حکومەتێکی شەرعی لە ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریا".

 

هاوکات داواشیکرد، ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان بەدەر بێت لەو سزایانەی کە ئەمریکا سەپاندویەتی بەسەر ڕژێمی ئەسەد لە سوریا.

 

لیژنە ئەمریکییەکە داوای لە ئیدارەکەی ترەمپیش کردووە، "بەتوندی سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت بەهۆی ئەو پێشیلکاریانەی کە بەردەوام  دەرهەق بە کەمینە ئاینییەکان و نەژادییەکانی ناوچەکە دەیانکات".

 

بەپێویستیشی زانیوە،  حکومەتی ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت لەپاڵپشیکردنی ئەو پڕۆژانەی کە دەبنە مایەی پێشکەوتنی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەش لەڕێگەى هاندانی ڕێکخراوە ئەمریکییە ناحکومییەکانەوە".

 

 لیژنەی ئازادییە ئاینییەکانی جیهان دامەزراوەیەکی حکومەتی ئەمریکییە پێکهاتوو لە ژمارەیەک ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەردوو پارتی کۆماریی و دیموکراتی ئەو وڵاتە.