گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەى دارایی پەرلەمان داهاتى شەش مانگى ئەمساڵى هەرێمى ئاشکراکرد

2020.07.28 - 14:29
لیژنەى دارایی پەرلەمان داهاتى شەش مانگى ئەمساڵى هەرێمى ئاشکراکرد

ناس کورد-

لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان راپۆرتى تایبەت بە داهاتى هەرێمى کوردستانى لەشەش مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ڕاگەیاند.

 

بەپێی راپۆرتەکە کە لەکۆبوونەوەى ئەمرۆى پەرلەماندا ڕاگەیەنرا، دۆخى دارایی هەرێم بەدۆخێکى زۆر هەستیاردا تێدەپەڕێت پێدانى موچە ناسەقامگیریی تێکەوتووە، ئەوەش بەهۆى سێ فاکتەرەوەیە، کە یەکێکیان جیهانییە و وەک پەتاى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوت، دانوستانەکان لەگەل بەغدا، رێکنەخستن و گەندەڵى لەهەندێ سێکتەرى خەرجى و داهات.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، داهاتى شەش مانگى ئەمساڵ گومرگ 505 ملیار دینار بووە،  باج لەماوەى پێنج مانگدا  154 ملیار دینار بووە، 

 

هەر بەپێی راپۆرتەکە، بەشە بودجەى هەرێم لەشەش مانگدا ترلیۆنێک و 759 ملیار دینار بووە، بە چوار سلفە هاتووە و هەرجارەى 11 ملیار و 880 ملیۆن دینارى لێ بڕدراوە بۆ پێدانەوەى قەرزى بانکە ئەهلییەکان، کۆى قەرزى بانکەکانیش زیاتر لە 47 ملیار و 520 ملیۆن دینار بووە، ئەو داهاتەى ماوەتەوە ترلیۆنێک و 711 ملیار و 480 ملیۆن دینارە.

 

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە سێ مانگى سەرەتاى ئەمساڵدا ئەو بڕەى سامانە سروشتییەکان داویەتى بە وەزارەتى دارایی بۆ دابەشکردنى موچە 345 ملیار و 203 ملیۆن دیناربووە بۆ هەر مانگێک، کە هەمووى دەکاتە ترلیۆنێک و 35 ملیار و 610 ملیۆن دینار، هەروەها لە سێ مانگى دواتردا و دواى دابەزینى نرخى نەوت مانگانە 283 ملیار و  424 ملیۆن دینارى رادەستى وەزارەتى دارایی کردووە.

 

سەبارەت بە هاوکارییەکانى هاوپەیمانان، لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، لەشەش مانگی ئەمساڵدا هاوکارییەکانى هاوپەیمانان 124 ملیار و 200 ملیۆن دینار بووە.



رونیشیکراوەتەوە، موچەى چوار مانگ لەمساڵدا نزیکەى سێ ترلیۆن و 580 ملیار دیناربووە، موچەى مانگى شوبات دواى بڕینى بەشێکى نزیکەى 700 ملیار دینار بووە.

 

لیژنەکە چەند راسپاردەیەکى خستووەتەڕوو بۆ زیادکردنى داهات لەوانە، بەردەوامى دانوستان لەگەڵ بەغدا، داواکردن لە نەتەوەیەکگرتووەکان و هاوپەیمانان بۆ ئەوەى بەغدا شایستە داراییەکانى هەرێم خەرج بکات، ئەولەویەتى حکومەت پەیداکردنى داهات بێت بۆ موچە، جێبەجێکردنى یاساى چاکسازى، وەرگرتنەوەى قەرز لە کۆمپانیاکان، چاکسازیکردن لە سەرچاوەکانى داهات، پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان، وەرگرتنى باج لە کۆمپانیاکانى نەوت و گاز و کۆمپانیاکانى پاسەوانى، کۆنتڕۆڵکردنى سەرجەم خاڵە سنورییەکان، پێداچونەوە بەو کۆمپانیایانەى لەخاڵە سنورییەکان کاردەکەن.