گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە 120 شوێن تاقیدەکرێتەوە

دیارترین ڤاکسینى کۆرۆنا هەنگاوێکى دیکە دەبڕێت

2020.07.28 - 11:28
App store icon Play store icon Play store icon
دیارترین ڤاکسینى کۆرۆنا هەنگاوێکى دیکە دەبڕێت

ناس کورد-

کۆمپانیاى تەکنەلۆژیاى زیندووى ئەڵمانى "بیونتک" و کۆمپانیاى پیشەسازى پزیشکى ئەمریکى "فایزر" دەستپێکردنى توێژینەوەیەکی زانستیان بۆ هەڵسەنگاندنى ڤاکسینەکەیان ڕاگەیاند کە لەپێش ڤاکسینەکانى دیکەى کۆرۆناوەیە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لە ئەگەرى سەرکەوتنى توێژینەوەکە، هەردوو کۆمپانیاکە ڤاکسینەکەیان دەخەنەروو بۆ رەزامەندیدان لەسەرى، تا بتوانن 100 ملیۆن پێکوتە تا کۆتایی ئەمساڵ دابین بکەن، لەگەڵ 1.3 ملیار تا کۆتایی 2021.

 

هەر نەخۆشێک دوو پێکوتەى پێدەدرێت بۆ باشکردنى سیستەمى بەرگرى جەستەى. بەو پێیە 100 ملیۆن پێکوتەى یەکەم دەتوانێت بۆ نزیکەى 50 ملیۆن کەس بەکاربهێنرێت.

  

چاوەڕواندەکرێت توێژینەوەکە لە نزیکەى 120 شوێن لەسەر ئاستى جیهان ئەنجام بدرێت، بەبەشدارى 30 هەزار کەس، بەتایبەتى لەو ناوچانەى ڤایرۆسەکە بەتوندى تێیاندا بڵاوبووەتەوە.

  

لەئێستادا زیاتر لە 140 تیمى توێژەر لەجیهان کێبڕکێ دەکەن بۆ گەشەپێدانى ڤاکسینێکى کارا و کاریگەر دژى ڤایرۆسى کۆرۆنا و رێکخراوى تەندروستى جیهانیش چاودێریی پرۆسەکە دەکات.  

  

ڤاکسینەکان پێویستیان بە چەندین ساڵە بۆ تاقیکردنەوەیان، لەگەڵ وادەیەک بۆ بەرهەمهێنانیان بەشێوەیەکى فراوان، بەڵام زانایان هیوایان هەیە بتوانن لەماوەى 12 بۆ 18 مانگدا ئەو کارە بکەن.  

 

قۆناغەکانى تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکان؟  

 

قۆناغى سفر: لەم قۆناغەدا ڤاکسینەکان لەسەر ئاژەڵ تاقیدەکرێنەوە، بۆ ئەوەى بزانن تاچەند کاریگەرن.  

  

قۆناغى یەکەم: لەم قۆناغەدا ڤاکسین دەدرێت بە ژمارەیەکى کەم لە خەڵک بۆ ئەوەى بزانرێت سەلامەتە یاخود نا، لەگەڵ دەرکەوتنى کاریگەرى ڤاکسینەکە.  

  

قۆناغى دووەم: لەم قۆناغەدا دەدرێت بە سەدان کەس تا زانایان زیاتر سەلامەتى ڤاکسینەکەیان بۆ دەربکەوێت لەگەڵ ئەو بڕە دروستەى پێویستە پێیان بدرێت.  

  

قۆناغى سێیەم: لەم قۆناغەدا دەدرێت بە هەزاران کەس بۆ جەختکردنەوە لە سەلامەتى، لەگەڵ لێکۆڵینەوە لە کاریگەرى لاوەکى پێشبینیکراو و رادەى کاریگەرییەکەى.  

  

تا ئێستا لەناو 140 ڤاکسیندا کە گەشەیان پێدەدرێت 19 یان لە قۆناغى یەکەمدان، 11 یان لە قۆناغى دووەمدان، سیانیشیان لە قۆناغى سێیەمدان، بەڵام هیچیان بەتەواوى پشتیان پێنابەسترێت وەک ڤاکسینى باوەڕپێکراو.