گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشنیازى پلانێکى شەش مانگە بۆ بەغدا دەکات

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی: عێراق بە نرخێکى گرانتر لە بازاڕ گازى سروشتى لە ئێران دەکڕێت

2020.07.28 - 09:04
ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی: عێراق بە نرخێکى گرانتر لە بازاڕ گازى سروشتى لە ئێران دەکڕێت

ناس کورد-

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، عێراق بە نرخێکى زیاتر لە نرخى بازاڕ گازى سروشتى لەئێران دەکڕێت، لەکاتێکدا گازى سروشتى خۆى بەفیڕۆدەدات، ئەگەریش بتوانێت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا سود لەو گازە وەربگرێت بە ملیارەها دۆلاری دەستدەکەوێت . 

 

فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "زە نەشیناڵ"ی ئیماراتی کەبەزمانی ئینگلیزی چاپ دەکرێت ڕایگەیاند "عێراق دەتوانێت لەماوەی نێوان شەش مانگ بۆ ساڵێک کێشەی بەفیڕۆدانی گازی سروشتی لە کێڵگەکانیدا چارەسەربکات، ئەگەر مەبەستی بێت".

 

ئاماژە بەوەشکردووە "لەساڵی 2015وە عێراق نزیکەی 16 ملیارمەتر سێجا گازی سرۆشتی سوتاندووە بەبێ ئەوەی هیچ سودێکی لێوەربگرێت کە داهاتی ئەو گازە بەفیڕۆدراوە مەزەندە دەکرێت بە ملیارەها دۆلار".

 

بەوتەى فاتح بیرۆڵ، عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی سود وەرگرتن لەوگازە سروشتییەوە  گەشە بەچەندین پیشەسازی بدات وەک پیشەسازی دروستکردنی خۆراک و پیشەسازی سیرامیک.

 

بەپێی پێشنیاری بانکی نێودەوڵەتی دەبێت لە ساڵی 2030  سوتاندنی زیاتر 140 ملیار مەتر سێجا گازی سروشتی لە جیهاندا ڕابگیرێت ئەوەش بۆ پارێزگاریکردن لەژینگەی زەوی و کەمکردنەوەی قەتیس بوونی گەرمی.

 

بیرۆڵ ڕوونیکردوەتەوە "عێراق بەهۆی سود وەرنەگرتن لەگازەکەی و هاوردە کردنی گازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ ئێشپێکردنی وێستگەکانی کارەبا وایکردووە زیاتر قەیرانی ئابوری قوڵتربێتەوە، چونکە ئەوگازەی کە لە ئێرانى دەکڕێت نرخەکەی گرانترە لە نرخی بازاری جیهانی".

 

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی جەختیلەوەشکردووەتەوە، "عێراق دەتوانێت لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ئابوری تۆکمەوە لە ماوەی نێوان شەش بۆ ساڵێک چاکسازی لە بواری وەبەرهێنان لە گازی سروشتیدا بکات و دەیان ملیار دۆلار داهاتی دەست بکەوێت".

 

بەگوێرەی توێژینەوەیەکی کۆمپانیایی"سمینز"ی ئەڵمانی کە لە ساڵی 2018 دا ئەنجامدراوە، عێراق دەتوانێت بە سود وەرگرتن لە گازی سروشتی لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار داهاتی دەست بکەوێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا عێراق پێوستی بە 10 ملیار دۆلار هەیە بۆئەوەی بتوانێت ژێرخانی پێشەسازی نەوت وگاز پتەوتربکات و چیدی پێویستی بە هاوردەکردنی گازی سروشتی  لە ئێرانەوە نەبێت.