گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دورگەیەکى ئیتاڵى پزیشک و زانایانى سەرسام کردووە.. کەس توشی کۆرۆنا نابێت

2020.07.27 - 17:27
دورگەیەکى ئیتاڵى پزیشک و زانایانى سەرسام کردووە.. کەس توشی کۆرۆنا نابێت

ناس کورد-

دورگەیەکى ئیتاڵى پزیشک و زانایانى سەرسام کردووە، سەرەڕاى تێکەڵبوونى زۆرى خەڵکەکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا نەگەیشتووەتە ناوی، ئەوەش لەناو وڵاتێکدا کە زەبرێکى کوشندەى بەهۆى ڤایرۆسەکەوە بەرکەوتووە.

 

ئەوە دۆخى دورگەى گیگیلوى بچوکە کە دەکەوێتە نێوان رێڕەوى سەرەکى ئیتاڵیا و دورگەى کورسیکاى گەورە.

 

باولا موتى، توێژەرى بوارى نەخۆشییەکانى شێرپەنجە هەوڵەکانى لەو دورگە بچوکە دەستپێکرد، دواى زیادبوونى نیگەرانییەکان لەبارەى ئەو قسانەى بەرگوێی دەکەوتن لەبارەى تۆمارکردنى توشبووى کۆرۆنا لەناو سەردانکەرانى دورگەکە، بەڵام چەند رۆژێک تێپەڕى و دەرکەوت هیچ نیشانەیەکى توشبوون لەسەر دانیشتوانى دورگەکە کە ژمارەیان 800 کەسە دەرنەکەوتووە و هیچ توشبوویەک تۆمارنەکراوە.

 

کاتێک ئەو توێژەیە بۆی دەرکەوت هیچ توشبوویەک تۆمارنەکراوە، وەک ئەوەى لەناوچەکانى دیکەى ئیتاڵیا تۆمارکراوە، بڕیاریدا بەدواى هۆکارەکەیدا بگەڕێت، لەبەرئەوەى کارێکى سەرسامکەر بوو بەلایەوە.

 

لەو کارەیدا ئەرماندو شيافينو تاکە پزیشکى دورگەکە کە ماوەى 40 ساڵە لەدورگەکەیە هاوکاریکرد. لەسەرەتادا ئەویش وەک باولا نیگەران بوو لە ئەگەرى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنا لەو شوێنە.

 

باولا بە ئاژانسى ئەسۆشێتید پرێسى وتووە، "هەموو جارێک کە نەخۆشییەکى ئاسایی لەناو منداڵان بڵاودەبووەوە، بەخێرایی هەموان تووشى دەبوون لەماوەى چەند رۆژێکى کەمدا".

 

ئەو هەوڵیدا بزانێت هۆکارى بڵاونەبوونەوەى کۆرۆنا لەناو دانیشتوانى ئەو دورگەیەدا چییە، ئایا بۆماوەییە، یان شتێکى دیکە. باولا دەڵێت، پزیشکەکە پێی وتووە ئەو کارە باوەڕپێنەکراوە، ببینە لەگەڵ هەر حاڵەتێکى توشبوونى کە گەیشتووەتە دورگەکە، هیچ دانیشتویەکى دورگەکە تووش نەبووە.

 

یەکەم حاڵەت کە گەیشتە دورگەکە پیاوێکى تەمەن شەشت ساڵان بوو کە رۆژى 18ى شوبات گەیشتە دورگەکە بۆ بەشداریکردن لە بەخاکسپاردنى کەسێکى نزیکى، پاشان گەڕایەوە ناوچەکەى خۆى و دواى سێ هەفتە مانەوەى لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستدا.

 

لە پێنجى ئازاردا، واتە چوار ڕۆژ پێش وادەى داخستنى گشتى لە ئیتاڵیا، سێ سەردانکەرى دیکە گەیشتنە دورگەکە، کە دەرکەوت توشبووى کۆرۆنان، یەکێکیان کەسێکى ئەڵمانى بوو کە لە باکورى ئیتاڵیاوە رویکردبووە دورگەکە.

 

ئەو پیاوە چەند رۆژێک مایەوە و لەگەڵ دانیشتوانى دورگەکە تێکەڵ بوو، بەهۆى کۆکەى توندەوە پشکنینى بۆ کراو و دەرکەوت هەڵگرى کۆرۆنایە، بۆیە کەرەنتین کرا.

 

چەند حاڵەتێکى تر لەدورگەکە تۆمارکراون، بەڵام هیچیان دانیشتووى دورگەکە نین، تەنانەت دواى هەڵگرتنى قەدەغەى گشتى و گەڕانەوەى گەشتیاران بۆ دورگەکە هیچ توشبوویەک تۆمارنەکرا. 

 

دەسەڵاتدارانى ئیتاڵیا لەناوچەى توسكانا کە دورگەگە سەر بەو ناوچەیەیە تیمێکى پزیشکیان بۆ پشکنینى دژە تەن لەناو دانیشتوانەکەیدا رەوانەى دورگەکە کردووە، دواى گەڕانەوەى گەشتیاران.

 

لەکۆتایی نیسانى ڕابردوودا و پێش سوککردنى رێوشوێنەکان، پشکنینى خوێن بۆ دانیشتوانى دورگەکە کرا، 723 کەس لەکۆى 800 کەس بەشێوەى خۆبەخش ئامادەى پشکنینەکە بوون.

 

یەکێک لە دانیشتوانى دورگەکە وتى، "دەمانەوێت پشکنینەکە بکەین بۆ یارمەتیدانى زانست".

 

توێژەرەکە دەڵێت، لەناو دانیشتوانى دورگەکەدا کە پشکنینان بۆ کراوە، یەک کەسیان دژە تەن لە جەستەیدا بووە، کە پیاوێکى بەساڵاچوو بووە بەرێگەى ئاوى لەگەڵ گەشتیارە ئەڵمانییەکە گەڕاوەتەوە دورگەکە.

 

ئەو توێژەرە نەگەیشتووە بەهیچ شیکردنەوەیەکى بنبڕکەر لەبارەى هۆکارى بڵاونەبوونەوەى ڤایرۆسەکە لەناو دانیشتوانى ئەو دورگەیە، بریاریداوە ئامادەکاریی بکات بۆ بەجێهێشتنى دورگەکە لەتەموزدا و پلانیداناوە بۆ تەواوکردنى توێژینەوەکەى لەکاتێکى تردا.