گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رونکردنەوەى پۆلیس لەبارەى نامەی ئەو گەنجەى کە لە هەڵەبجە خۆى خنکاند 

2020.07.27 - 15:13
رونکردنەوەى پۆلیس لەبارەى نامەی ئەو گەنجەى کە لە هەڵەبجە خۆى خنکاند 

ناس کورد-

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجه لەبارەی خۆکوشتنی هاووڵاتییەک لە باخی گشتیی شارەکە ڕونکردنەوەیدا و ئاماژەى بەوە کرد، ئەو کەسە لەسەر کێشەی خێزانی خۆی کوشتووە نەوەک هەژاری، جەختیشیکردەوە"ئەو نامەیەی بڵاوکراوەتەوە هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە".

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 27ی تەموزی 2020)، بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی خۆکوشتنی کەسێک لەناو باخی گشتیی هەڵەبجە ئەنجامدا.

 

لەبارەی ئەوەی ئەو کەسە لە هەژاریدا خۆی کوشتووە، وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد :" کاوە کەسێکی کەم دەرامەت نەبووە، بەڵکو موچەی بەرکەوتنی چەکی کیمایی، مووچەی کەمئەندامی، مووچەی زیندانی سیاسی و مووچەی وارسی شەهیدان کە هی دایکیەتی هەبووە، واتە مانگانە مووچەی نزیکەی ملیۆنێک دینار بووە، هەروەها بنەماڵەکەی خاوەن گەراج و کەسابەتی خۆیانن و لە هەڵەبجە ناسراون".

 

وتیشی :"ناوبراو کێشەی خێزانی هەبووە و پێشتر سکاڵای لەسەر خێزانەکەی و خەزوری و ژنبراکانی تۆمارکردووە، تەنانەت هەفتەیەک پێش ئێستا هەوڵی خۆسوتاندنی داوە و وتویەتی، بیری منداڵەکانم دەکەم، واتە کێشەی خێزانی هەبووە، نەک هەژاری".

 

وتەبیژی پۆلیسی هەڵەبجە رونیکردەوە "ئەو نامەیەشی کە بەناوی ئەوەوە بڵاوکراوەتەوە، هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە و دروستکراوە".

 

لەبارەى بڵاوکردنەوەى پەڕاوى لێکۆڵینەوەکانى ئەو گەنجە لەلایەن پۆلیسەوە بۆ ڕاى گشتى و میدیاکان، کارزان فازڵ، پارێزەرو  یاساناس بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڵاوکردنەوەی کۆی لێکۆڵینەوەکانی ڕووداوێک لەماوەیەکی کەمدا لەڕووی یاساییەوە قبوڵکراو نییە و هەڵەیە". 

 

ڕونیشیکردەوە: "لەماوەی چەند کاتژمێرێکدا لێکۆڵینەوەی ورد لە دۆسییەیەک ناکرێت، تاوەکو وردەکارییەکەی بڵاوبکرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر ئەم کەسە کوژرابێت و پۆلیس بەهەڵەدا چووبێت لەوەی خۆی کوشتووە، ئەوکاتە تەواوی دۆسییەکە دەگۆڕێت، بۆیە پێویستە لە هەموو دۆسییەیەکدا لێکۆڵینەوەی تەواو بکرێت، دواتر زانیارییەکان بڵاوبکرێنەوە." 

 

کارزان فازڵ لەو بڕوایەدایە، پۆلیسی هەڵەبجە لە کاردانەوەی بڵاوبوونەوەی ئەو نامەیەدا بەوشێوەیە ڕونکردنەوەیان لەسەر کەیسەکەدا و کاردانەوەیان هەبوو. 

 

دوێنێ (یەکشەممە، 27ی تەموزی 2020)، کاوە محەمەد تەمەن 39 ساڵ کە بەرکەوتووی چەکی کیمیایی بوو، لەناو باخی گشتیی هەڵەبجە خۆی خنکاند و ڕووداوەکەش کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.