گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى کۆبوونەوە ’جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنى حکومەت کرایەوە’

2020.07.27 - 14:26
مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى کۆبوونەوە ’جەخت لەسەر پاڵپشتیکردنى حکومەت کرایەوە’

ناس کورد-

نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بافڵ تاڵەبانى، هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "ئەمڕۆ (دووشەممە) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندێکی یاوەری کرد."

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە.

 

راگەیەندراوەکە لەسەر زارى هاوسەرۆکى یەکێتى ئاماژە بەوە دەکات کە بافڵ تاڵەبانى جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتی وەک بەشدارێکی  سەرەکی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات .

 

وتوشیەتى" کێشەی لایەنە سیاسییەکان نابێت لە دامودەزگا حکومییەکاندا ڕەنگ بداتەوە و پێویستە ھەموو لایەک بە پشووفراوانییەوە ھاوکار بین بۆ ئەوەی بە دانوستان ھەموو کێشەکان چارەسەر بکەین.چونکە ھەموو دەسکەوتەکانمان ئەنجامی یەکڕیزی و تەباییمان بووە. بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدەین ھاوکار بین بۆ ئەوەی ئەو دۆخە سەختە و قەیرانەکان تێپەرێنین.

 

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای تەحەمولکردنی سەختییەکان، نیگەرانن لە گرژیيە ناوخۆییەکان و چاوەڕوانن لایەنەکان دۆخێکی لەباری سیاسی برەخسێنن.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە سەرۆکى حکومەت وتویەتى "حکومەتی ھەرێم حکومەتی ھەموو هەرێمی کوردستانە و پێویستە گشت لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت پشتگیريی لە کارنامەی حکومەت بکەن، چونکە بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم، بەرنامەی ھاوبەشی لایەنە بەشداربووەکانی ناو حکومەتە".

 

راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، سەرۆکی حکومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەتی ھەرێم ھەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ ، بۆ ئەوەی ئەو رەوشە ئابووری و تەندروستییە نەخواراوە تێپەڕێنێت و دۆخی ژیان و گوزەرانی ھاووڵاتییان باشتر بکات ، بۆ ئەم مەبەستەش چاوەڕوانی پالپشتیی ھەموو لایەنەکانە.