گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد پلانى پۆلیسی سلێمانی بۆ نەهێشتنی دیاردەی سواڵکەری ترافیکەکان ئاشکرا دەکات 

2020.07.27 - 13:06
ناس کورد پلانى پۆلیسی سلێمانی بۆ نەهێشتنی دیاردەی سواڵکەری ترافیکەکان ئاشکرا دەکات 

ناس کورد-

ماوەی هەفتەیەکە هەڵمەتی دەستگیرکردنی سواڵکەرەکانی ترافیکەکان لەشاری سلێمانی دەستیپێکردووە و و تائێستا 18 کەس دەستگیرکراون، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵیت، پلانیان هەیە کامێرای چاودێری لە بەشێک لەو شوێنانە دابنێن و بەتەواوی ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکەن.

 

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردى ڕاگەیاند "لەو هەڵمەتەدا کە دەستمانپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەو سواڵکەرانەی لە ترافیک و فولکەکاندا دەوەستن، تائێستا 18 کەسمان دەستگیرکردووە کە ژن و پیاو و منداڵیشیان تێدایە".

 

وتیشی، ئەوان بۆیان ناسەلمێندرێت کە ئەو کەسانە جگە لە سواڵکردن کاری نەشیاو دەکەن یاخود نا، بەڵام سەرجەمیان دەستگیردەکەن، تەنانەت ئەگەر هەر کاری سواڵکردنیش بکەن.

 

ئەم هەڵمەتە یەکەمجار نییە و پێشتریش هەڵمەتى دیکەی هاوشێوە هەبووە، بەڵام پاش ئازادکردنیان ئەو کەسانە دووبارە دەگەڕێنەوە سەر ئەو کارە.

 

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەکرد "ئێمە دەیانگرین و ڕەوانەی دادگایان دەکەین، ئیتر پەیوەندی بە ئێمەوە نییە کە دادگا هەر بڕیارێک دەدات سزایان دەدات یاخود ئازادیان دەکات".

 

جەختیشیکردەوە، هەڵمەتەکەیان هەر بەردەوام دەبێت و پلانیان هەیە لەمەودوا بەهەموو شێوەیەک هەوڵبدەن کە ئەو دیاردەیە نەهێڵن و بۆ ئەو مەبەستەش لەبەشێک لەو شوێنانە کامێرای چاودێری دابنێن، بۆ ئەوەی هەرکەس بینرا سواڵ دەکات، ڕاستەوخۆ دەستگیری بکەن.