گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەندروستی جیهانی هۆشدارى دەدات ’هێشتا عێراق لە قۆناغى مەترسیدایە’

2020.07.27 - 11:16
تەندروستی جیهانی هۆشدارى دەدات ’هێشتا عێراق لە قۆناغى مەترسیدایە’

ناس کورد- 

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری ئەوە دەدات، گەر لەڕۆژانی جەژنی قورباندا خەڵکی پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەكان و لێکدورکەوتنەوەى كۆمەڵایەتی نەبن ئەوا حاڵەتەكانی توشبوون بەرز دەبنەوە، دەشڵێت، هێشتا عێراق قۆناغی مەترسیی پەتاكەی تێنەپەڕاندووە و پێویستی بەكۆنترۆڵكردنی ژمارەكانی توشبوون هەیە.

 

وائیل حەتاحت، سەرۆكی تیمی فریاگوزاری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەعێراق بەڕۆژنامەی سەباح-ی ڕاگەیاندووە، هێشتا عێراق قۆناغی مەترسی کۆرۆنای تێنەپەڕاندووە و ناشتوانن وڵات لەسیناریۆی شەپۆلێكی توشبوونی دیكە دوربخەنەوە تەنها بەپابەندبوون بەڕێنماییەكانی خۆپارێزی و لێکدورکەوتنەوەى كۆمەڵایەتی و بەستنی ماسك و كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە نەبێت.



ئاماژەی بەوەشكرد، لەڕووی زانستیەوە لەناوچوونی ڤایرۆسەكە بەتەواوەتی قسەیەكی دروست نیە و مەترسییەكەشی لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاوازە، ئەوەش بەستراوەتەوە بە پابەندبوون بەو ڕێنماییانەوە كە هەندێک وڵات توانیویانە لەو ڕێگەیەوە پەتاكە تاڕادەیەكی باش كۆنترۆڵ بكەن.



ڕونیشیكردەوە، ژمارەی تۆماركردنی توشبوون لەعێراقدا بەهۆی گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆپارێزییەوە پاشەكشەی كردووە و لەحاڵی بەردەوامبوون بەو ڕێنماییانەش ئەوا دەتوانن بەسەر ژمارەی توشبوواندا زاڵ بن و ڕایبگرن.



ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕێكخراوەكە داواشی كردووە، سنورێك بۆ لێكنزیکبوونەوەی نێوان خەڵكی دابنرێت و لەئەگەری پابەندنەبوونی خەڵكیشدا لەڕۆژانی جەژن ئەوا ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسەكە بەرز دەبێتەوە.



بەگوێرەى دوایەمین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق تا ئێستا 110 هەزار و 32 حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمار كراوە و ژمارەی چاكبووانیش گەیشتووەتە 75 هەزار و 217 حاڵەت و ژمارەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەتاكەوە گەیشتووەتە چوار هەزار و 362 حاڵەت.