کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
.
پاش ئەوەی شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق، کوشتنی 12 داعشی لە ئۆپراسیۆنێكی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق لە حەویجە ڕاگەیاند، ئەندامێکی ئەنجومەنی قەزای حەویجە ئاشکرایکرد، ئەو داعشانەی لە سنوری حەویجە كوژراون خەڵکی ناوچەکەن.
.
ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجە تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند: "بەهۆی ئەو لافاو و بارانبارینەی كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەكانی حەویجە و دەوروپشتی گرتبوەوە، زۆربەی ئەو تونێلانەی كە چەكدارانی داعش خۆیانیان تیایدا حەشاردابوو پڕبوبوون لە ئاو، بەوهۆیەوە ناچاربوون بێنە دەرەوە، پاشان لەلایەن فرۆكەكانی ئەمریكاوە بە ئامانج کران".
.
"ئەو چەكدارانە هەموویان عیراقین و خەڵكی ناوچەكانی (حەویجە، عەباسیە و زاب)ن، کە سەر بە پارێزگای كەركوكن، پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی كە پێش 16 ئۆكتۆبەر لە ژێر كۆنترۆڵیدا بووە، بۆ پاراستنی ناوچەکە"، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی قەزای حەویجە وای وت.
.
وتیشی، ئەگەر هەموو ناوچەكە بكەوێتە ژێر دەستی داعشەوە حكومەتی عێراقی بە هیچ شێوەیەك داوا ناكات هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە.
.
دوينى هەینی 19ی نیسان 2019،شانەی ڕاگەیاندنی ئاسایشی عێراق ڕایگەیاند، هێزەێكی تایبەتی دژەتیرۆری عێراق، توانیویەتی لە ئۆپراسییۆنێکدا لە قەزای حەویجە 12 چەکداری داعش بكوژێت، كە چواریان سەركردەی دیاری ئەو ڕێكخراوە بوون.
.
.