ناس کورد-
بانكی ناوەندی عێراق هۆشداریدایە هاووڵاتیان کە نەکەونە ناو فیڵ و تەڵەکەبازى کەسانێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشە بۆ فڕۆشتنی جۆرە دۆلارێك دەکەن و ناویانناوە دۆلاری لیبی و نرخەكەی لەدۆلاری ئەمریكی هەرزانترە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەى راگەیەندراوەکەى بانکى ناوەندى عێراق ئەو کەسانە بانگەشەى ئەوە دەکەن کە دۆلارە ئەمریکییەکان هەڵگیراوى بانکى ناوەندى لیبیان و لە بازاڕەکانى دراوى عێراقیدا بەنرخێکى کەمتر لە نرخى دۆلاری ئەمریكی، دەیفڕۆشنەوە.
بەگوێرەى ئەو ڕیکلامانەى كە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە بڵاوكراونەتەوە، ئەو دۆلارانە بلۆككراون و لەلایەن زۆر بانكەوە مامەڵەیان پێوە ناكرێت.
بانکى ناوەندى عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەى بەوە کردووە بەشێک لە فڕۆشیارانى ئەو جۆرە پارەیە ژمارەى تەلەفۆنى تورکیا بڵاودەکەنەوە و وا رێکدەکەوون لەگەڵ مشتەرییەکەدا کە لە تورکیا پارەکەى ڕادەست دەکەن، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنى پێشەکى پارەى ڕێککەوتنەکەیان خۆیان ون دەکەن.
بانكی ناوەندی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو جۆرە دراوە بوونی نیە و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەو بارەیەوە و بۆ بەدواداچوونى ئەو بابەتە ئاڵۆگۆڕی زانیاری لەنێوان دەزگا پەیوەندیدارەكانەوە ئەنجامدراوە لەناو خۆ و دەرەوەی عێراقدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هەر لایەن و كۆمپانیایەك بانگەشەی فڕۆشتنی ئەو جۆرە دراوە بكات لەڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە و خەڵكی چەواشە بكات بەبوونی دۆلارێك كە بۆ بانكێكی لیبی دەگەڕێتەوە ئەوا ئەو بانكە لەلایەن بانکى ناوەندى عێراقەوە ڕێگا پێدراو نیە و ئەو كارەش دەچێتە خانەی فیڵ و تەڵەكەوە بۆ چەواشەكردنی خەڵكە.