گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێگە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى خۆشدەکرێت

لەبارەى کۆبوونەوەى سبەینێى پەرلەمان یەکێتى بەڵێنێک بە پارتى دەدات

2020.07.26 - 17:09
لەبارەى کۆبوونەوەى سبەینێى پەرلەمان یەکێتى  بەڵێنێک  بە پارتى دەدات

ناس کورد-

ئەندامێکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، فراکسیۆنى یەکێتى بەڵێنیداوە بەشدار بێت لەکۆبوونەوەى سبەینێى پەرلەمان، کە رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان لە پشکى یەکێتى بانگهێشتى پەرلەمانتارانى کردووە بۆ بەستنى کۆبونەوەکە.

 

بانگهێشتەکەى سەرۆکى پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەى سبەینێ، دواى دواخستنى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمان هات لەسەر داواى یەکێتى، کە پێشتر بڕیارى هەڵپەساردنى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى دابوو.

 

بەهمەن کاکە عەبدوڵا پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "ئێمە لەبەر خاترى یەکێتى و لەسەر داواى ئەوان کۆبوونەوەى ئەمڕۆمان دواخست".

 

وتیشى "فراکسیۆنى یەکێتى بەڵێنیانداوە لەکۆبوونەوەى سبەینێی پەرلەمان بەشداربن و داواى 24 کاتژمێر مۆڵەتیان کردووە، هیوادارین بەشداربن لەکۆبوونەوەکە".

 

پەرلەمانى کوردستان نزیکەى مانگێکە کۆنەبووەتەوە، بەهۆى ناکۆکییەکانى پارتى و یەکێتى یەوە، دیاریش نییە سبەینێ کۆبوونەوەکە ئەنجام دەدرێت یاخود نا.

 

پەرلەمانتارەکەى پارتى دڵنیاییدا لەبارەى بەستنى کۆبوونەوەکەوە "بەدڵنیاییەوە سبەینێ کۆبوونەوەکە هەر دەکرێت".

 

لەبارەى ئەگەرى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتیشەوە، ئەو پەرلەمانتارە باسى لەوە کرد، دواخستنى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ بۆ رێگەخۆشکردن بووە بۆ ئاسایبوونەوەى پەیوەندییەکان و بەستنى کۆبونەوە.

 

ئەگەرچی بڕیاربوو دوێنێ شەممە، 25ی تەموزی 2020، پارتی و یەکێتی سەبارەت بە گرژییەکانی نێوانیان کۆببنەوە و بڕیاریش لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ بدرێت، بەڵام وەک پێشووتر لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەکە شەڕی میدیایی نێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە و کۆبوونەوەکە نەکرا.  

 

پێشتر ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو "ئێوارەی دوێنێ مەکتەبی سیاسی کۆبووینەوە و بڕیاردرا کە یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەکات، هیچ قسەیەکیشمان لەگەڵ پارتی نەکردبوو لەوبارەیەوە."  

  

باسى لەوەشکردبوو، بە هەموو ئەگەرێک دەبوو ئەمڕۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان بکرایە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی، هەندێک شتی دیکە لەدەرەوەی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی ڕوویداوە و داواکراوە کۆبوونەوەکە بۆ سبەینێ دوابخرێت.  

  

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكردبوو، بەوپێیەی کە ڕێواز فایەق بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردووە بۆ کۆبوونەوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر سبەینێ یەکێتی لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبێت.