گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەکتەب سیاسییەکی یەکێتی: کەسانێک هەن لەناو یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەکان تێکدەدەن

بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ’’لە دەرەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە’’ دراوە

2020.07.26 - 15:33
بڕیاری دواخستنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ’’لە دەرەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتییەوە’’ دراوە

ناس کورد-

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی دوێنێی مەکتەبی سیاسییدا بڕیار دراوە یەکێتی بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەکات، بەڵام دواتر لەدەرەوەی مەکتەبی سیاسی داوای دواخستنی کۆبوونەوەکە کراوە، دەشڵێت، بە ئەگەرێکی زۆر سبەینێ یەکێتی بەشداری دانیشتنەکە دەکات.

 

بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و بەهۆی ناکۆکییەکانیشی لەگەڵ پارتی، یەکێتی بڕیاریدابوو بەشداری دانیشتنەکە نەکات.

 

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێوارەی دوێنێ مەکتەبی سیاسی کۆبووینەوە و بڕیاردرا کە یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان نەکات، هیچ قسەیەکیشمان لەگەڵ پارتی نەکردبوو لەوبارەیەوە."

 

وتیشی، بە هەموو ئەگەرێک دەبوو ئەمڕۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان بکرایە، بەڵام دوای کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی، هەندێک شتی دیکە لەدەرەوەی بڕیارەکانی مەکتەبی سیاسی ڕوویداوە و داواکراوە کۆبوونەوەکە بۆ سبەینێ دوابخرێت.

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژەی بەوەشكرد، بەوپێیەی کە ڕێواز فایەق بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردووە بۆ کۆبوونەوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر سبەینێ یەکێتی لە کۆبوونەوەکە بەشدار دەبێت.

 

ئەگەرچی بڕیاربوو دوێنێ شەممە، 25ی تەموزی 2020، پارتی و یەکێتی سەبارەت بە گرژییەکانی نێوانیان کۆببنەوە و بڕیاریش لە کۆبوونەوەکەی ئەمرۆ بدرێت، بەڵام وەک پێشووتر لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوەکە شەڕی میدیایی نێوان هەردوولا دەستیپێکردەوە و کۆبوونەوەکە نەکرا.

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوەکرد، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی هێندە گەورە نین کە ئەو ماوە زۆرە نەتوانن کۆببنەوە، بەڵام لەناو هەردوو حزب کەسانێک هەن کە نایانەوێت کۆبوونەوە بکرێت و هەردوولا لەیەک نزیکببنەوە، بۆیە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کۆبوونەوە، لە سۆشیاڵ میدیا پرسێک دروست دەکەن و شەڕی میدیایی دەستپێدەکاتەوە.

 

جەختیشیکردەوە، دروستکردنی ئەو کێشانە بێ مەبەست نین، بەڵکو ئامانجیان لە پشتەوەیە و ئاڕاستەکراون لەلایەن ئەو کەسانەی نێو هەردوو حزبەکە بۆ تێکدانی کۆبوونەوەکە.