ناس کورد-
کۆریای باکور یەکەم توشبووی کۆرۆنای ڕاگەیاند، کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی وڵاتەکەش کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەوبارەیەوە ڕێکخست و بڕیاریدا ئەو شارەی توشبووەکەی تێدایە کەرەنتین بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئاژانسی هەواڵیی ناوەندیی کۆریای باکور، هەواڵی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی کۆرۆنای لە وڵاتەکە ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەشكردووە، توشبووەکە هاوڵاتی کۆریای باکورە، دوای سێ ساڵ لە هەڵهاتنی، 19ی ئەم مانگە بەشێوەیەکی نایاسایی چووەتەوە کۆریای باکور.
هەر لەدوای تۆمارکردنی ئەو حاڵەتە، کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ڕێکخست و حاڵەتی نائاسایی ڕاگەیاند، هەروەها بڕیاری دا شاری کایسۆنگ کە توشبووەکەی لێبووە کەرەنتین بکات و دایببڕێت.
هەروەها بڕیاردراوە ڕێکارەکا لەسەر سنوری وڵاتەکە توندبکرێنەوە و لیژنی سەربازیی وڵاتەکەش لێکۆڵینەوە لە جۆنێتی چوونەناوەوەی ئەو کەسە دەدات بۆ سنوری وڵاتەکە و ڕایگەیاندووە، لایەنی بەرپرس و کەمتەرخەم سزادەدرێت.
ئەوە یەکەمجارە کۆریای باکور دان بە بوونی پەتایەکی جیهانیدا دەنێت و ڕێکاری تایبەت و گرنگ بۆ ڕێگری دەگرێتە بەر، بەڵام تائێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە ڕەتی دەکەنەوە هیچ حاڵەتێک تۆمار کرابێت.
ڕاگەیاندنی ئەو حاڵەتی توشبوونە لەکاتێكدایە، دوای زیاتر لە شەش مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە جیهاندا، ئەوە یەکەم تووشبووە کە بە فەرمی لە کۆریای باکور ڕابگەیەندرێت.
کۆریای باکور هەزاران کیتی پشکنینی لە ڕوسیا و چین کڕیوە، سنورەکانی بە شێوەیەکی تەواوەتی داخست و چەندین ڕێکاری سەپاند، بەڵام ڕێکارەکانی تا ڕادەیەک سوک کرد.