گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە بیانوی باشکردنی وەچە

لێكۆڵينەوەيەكى نوێ: ئەمريكیيەكان ماوەى 45 ساڵ ڕەشپێستەكانيان نەزۆك كردووە

2020.07.25 - 18:45
لێكۆڵينەوەيەكى نوێ: ئەمريكیيەكان ماوەى 45 ساڵ ڕەشپێستەكانيان نەزۆك كردووە

ناس کورد- 

بەپێى لێكۆڵينەوەيەكى نوێ لەساڵى 1929 بۆ 1974 لە ولايەتى كارۆليناى باكورى ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا، بەرنامەى نەزۆككردنى ئەمريكييە ڕەشپێستەكان پەيڕەو كراوە، ئەوەش بە بيانوى باشكردنى وەچە، بەڵام لەڕاستيدا بۆ لەناوبردن بووە.

 

بەپێى لێكۆڵينەوەكە كە گۆڤارى "American Review of Political Economy" بڵاويكردوەتەوە، لەساڵى 1929 بۆ 1974، لە ولايەتى كارۆليناى باكور بەرنامەى نەزۆككردنى ڕەشپێستەكان پەيڕەو كراوە و تەنها لە ساڵى 1958 بۆ 1968 زياتر لە 2100 نەشتەرگەرى نەزۆككردن لە ولايەتەكە ئەنجامدراوە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، نەشتەرگەرييەكە بۆ نزيكەى 7600 كەس لە ژن و پياو و تەنانەت منداڵيش كە تەمەنيان لە 10 ساڵ تێنەپەڕيوە كراوە، ئەوەش لە چوارچێوەى بەرنامەيەك كە گوايە بۆ خزمەتى گشتييە و ڕێگەگرتنە لەو كەسانەى كە مێشكيان لاوازە بۆ ئەوەى نەوە نەخەنەوە.

 

لێكۆڵينەوەكە ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، زۆرينەى ئەو نەشتەرگەرييانە بە زۆر كراون، هەندێك لە ژنانيش كە هيچ ڕێگەيەكيان نەبووە بۆ ڕێگەگرتن لە دووگيان بوون، ناچار بوون ئەو نەشتەرگەرييە ئەنجام بدەن و ڕايانگەياندووە كە شياو نين بۆ ئەوەى ببن بە دايك.

 

لاى خۆيەوە وليام داريتى جۆنيۆر، مامۆستا لە زانكۆى ديوك كە لە لێكۆڵينەوەكەدا بەشدارى كردووە، باسى لەوەكردوە، ڕێژەى نەزۆككردن لەگەڵ زيادبوونى ژمارەى ئەو ڕەشپێستانەى كە بێكاربوون زيادى كردوە، بەڵام بەهەمان ڕێژە ئەو بێكارانەى نەگرتووەتەوە كە سپى پێست بوون، ياخود سەربە ڕەگەزى تر بوون.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، بەكارهێنانى نايەكسان بۆ نەزۆككردن بۆ چاككردنى وەچە لە كارۆليانى باكور بەرامبەر ڕەشپێستەكان لەناوبردنى بەكۆمەڵ بووە.

 

ڕێكخراوى نەتەوە يەكگرتوەكان لەناوبردنى بەكۆمەڵ وەسەف دەكات كە "لەناوبردنى بەكۆمەڵى نەتەوە و ڕەگەز و ئايينێكە بە تەواوەتى ياخود بەشێوەيەكى ڕێژەيى"، ئەوەش لەرێگەى گرتنەبەرى ڕێوشوێن بۆ ڕێگەگرتن لە زيادبوون لەناو ئەو گروپەدا.

 

لەلايەكى ترەوە ڕوندا شارب، مامۆستاى ياريدەدەر لە پەيمانگاى ژن بۆ زانست و يەكسانى ڕەگەزى كە بەشداربووە لە لێكۆڵينەوەكە وتويەتى، كۆنترۆڵكردنى جەستەى ڕەشپێستەكان و خستنەوەى نەوە كارێكى نوێ نييە، بەپێى لێكۆڵينەوەكان ولايەتى كارۆليناى باكور ئازادى وەچەخستنەوەى كۆت و بەند كردووە، ئەوەش بە بيانووى باشكردنى نەوە بۆ ئەوەى دانيشتوانى ڕەشپێست لە مافەكانيان بێبەش بكەن.

 

بەپێى زانياریيەكانى ڕۆژنامەى "زە نيوز ئاند ئەبزێرڤەر" لەساڵى 2010 حكومەتى ئەمريكا سندوقێكى قەرەبووى بۆ ئەو قوربانيانە كردەوە كە بەر بەرنامەكە كەوتوون و تائێستاش لە ژياندان، ئەو كەسانە كە تا ساڵى 2014 ژمارەيان 220  كەس بوو بەبڕى 20 هەزار دۆلار قەرەبوو كرانەوە.