گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرزبوونەوەی یەک پلەی گەرمی بەکارهێنانی 50 مێگاوات کارەبا زیاد دەکات

وتەبێژی کارەبای سلێمانی: خەڵک پێی وایە بە زیاد بەکارهێنانی کارەبا دژایەتی حکومەت دەکات

2020.07.25 - 17:12
وتەبێژی کارەبای سلێمانی: خەڵک پێی وایە بە زیاد بەکارهێنانی کارەبا دژایەتی حکومەت دەکات

ناس کورد-

لە هاوینی ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاترە و وتەبێژی کارەبای سلێمانیش دەڵێت، ڕۆژانە نزیکەی 16 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتیان دەدەن، دەشڵێت، بەرزبوونەوەی یەک پلەی گەرمی بەکارهێنانی 50 مێگاوات کارەبا لای هاوڵاتیان زیاد دەکات.

 

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە وەرزەکانی هاوین و زستان، پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان کەم دەکات، هاوڵاتیان گلەیی ئەوە دەکەن لەماوەی 29 ساڵی حکومڕانی کوردیدا، حکومەت نەیتوانیوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکات، بەرپرسانی کارەباش بەفیڕۆدانی کارەبا لەلایەن هاوڵاتیانەوە بەهۆکارێکی ئەو کێشەیە دەزانن.

 

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، لە هاوینی ئەمساڵدا پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتیان زیادیکردووە و ڕۆژانە نزیکەی 16 کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین."

 

ڕونیشیکردەوە: " هەندێک جار دەگاتە 18 کاتژمێریش، چونکە ڕۆژانە لەگەڵ بەرزبوونەوە یاخود نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا دەگۆڕێت، چونکە زیادبوونی بەکارهێنان وادەکات کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەم بکات."

 

وتەبێژی کارەبای سلێمانی ئاشکراشیکرد: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی یەک پلەی گەرمی بەکارهێنانی 50 مێگاوات کارەبا لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، کە ئەوەش هۆکارێکە بۆئەوەی پێدانی کارەبا لە هاویندا کەمبێتەوە."

 

لە هەرێمی کوردستان لای بەشێك لە هاوڵاتیان بۆچونێک دروست بووە کە حکومەت هەرشتێکی وت، پێچەوانەکەی جێبەجێبکرێت، ئەوەش وەک هەڵوێستێک بەرامبەر کەموکوڕییەکان.

 

وتەبێژی کارەبای سلێمانی باسی لەوەکرد: "ئەگەر دوو هێندەی ئێستاش کارەبا بەرهەمبهێنرێت، بەڵام بەکارهێنان سنوردار نەکرێت، ناتوانرێت 24 کاتژمێر کارەبا دابین بکرێت، چونکە بەشێکی کەم لە هاوڵاتیان هۆشیاری کەم بەکارهێنان و بەفیڕۆنەدانی کارەبایان هەیە."

 

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، لە هەژماری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک هۆشیاری بەفیڕۆنەدانی کارەبا بڵاودەکەنەوە، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان جنێویان پێدەدەن و ئامادەنین، بەقسەیان بکەن و پێیانوایە بەوە دژایەتی حکومەت دەکەن.

 

وتەبیژی کارەبای سلێمانی ڕێنمایی هاوڵاتیانیش کرد، بە سنوردارکردنی بەکارهێنانی کارەبا و بەفیڕۆنەدانی، ئەوا سودی بۆ هەموو هاووڵاتیان دەبێت و پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زیاد دەبێت.