گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس كورد زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات

یەكێتی بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات؟

2020.07.25 - 12:29
یەكێتی بەشداری دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان دەكات؟

ناس کورد-

پەرلەمانتارێكی یەكێتی ئاشكرایکرد، ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی حزبەكەی لەسەر پرسی بەشداریكردن یان نەكردنی فراکسیۆنەکەیان لە دانیشتنەكەی سبەینێی پەرلەمانی کوردستاندا كۆدەبێتەوە و "ئەگەرەكە ئەوەیە یەكێتی بایكۆتی پەرلەمان دەكات."

 

هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری یەکێتی لە کوردستان تایبەت بە ناس كوردی ڕاگەیاند، لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت بە كێشەكانی بەشداری یەكێتی لە كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی كۆدەبێتەوە و دەگاتە بڕیارێك.

 

وتیشی، لەو باوەڕەدا نیم یەكێتی بەشداری كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان بكات و كێشەكانی لەگەڵ پارتیدا ئاڵۆزبووە و لەسەر هەڵوێستەكانی خۆیشی بەردەوام دەبێت.

 

لەبارەی تەواوكردنی ڕێژەی یاساییەوە بۆ كۆبونەوەكەی سبەینێی پەرلەمان، ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی وتی، "بەپێی بۆچوونی من گۆڕان بەشداری دەكات و وەكوە زانیاریشم هەبێت پارتی لەسەر خەتە لەگەڵیان بۆ ئەوەی بەشداری كۆبونەوەكە بكەن، ئەگەر ئەوان بەشداری بكەن ڕێژەى یاسایی كێشەی نابێت و پارتی دەتوانێت كۆبونەوەكە بكات."

 

لە دواهەمین کۆبوونەوەى ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا، بڕیاری هەڵپەساردنی كارەكانی یەكێتی لە پەرلەمان درا و ئەوەش دوای دروستبوونی چەندین ئاڵۆزی و کۆنەبوونەوە لەنێوان ئەو دوو حزبەدا، بە تایبەت لە دۆسیەى هەڵگرتنی پارێزبەندی لە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی.

 

"مەچنە کۆبوونەوە تا ڕێککەوتن"

هاوکات ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەیان دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بایکۆت کردووە و دەشڵێت، بەبێ بانگەوازى سەرۆكى پەرلەمان ناتوانرێت كۆبونەوەى پەرلەمان بكرێت.  

 

جەمال حەوێز کە پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنەکە بوو بە ناس كوردى ڕاگەیاند: "ڕۆژى يەكشەممەی ڕابردوو لە كۆبونەوەى ئەنجومەنی سەركردايەتى يەكێتى لە شارى سلێمانى كە رێواز فايەق سەرۆكى پەرلەمانيش بەشدار بوو، بڕیاردرا کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ڕابگیرێن."  

 

"کەس ناتوانێت پەرلەمان پەک بخات"

ئەوە لەکاتێکدایە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانى كوردستان ڕايگەياند، هیچ حیزبێك مافی ئەوەی نییە كە كارەكانی پەرلەمان پەكبخات، هیچ هۆكارێكی سیاسی نابێت ببێتە هۆكاری ئەوەی كارەكانی پەرلەمانی پێ پەك بخرێت.  

 

جەمال حەوێز جەختیشی کردەوە کە "هەر لە كۆبونەوەكەی سەرکردایەتیدا بڕياردراوە كۆبونەوەكانى پەرلەمان ڕابگيردرێن، هەتا هەردوو مەكتەبى سياسیى يەكێتى و پارتى كۆدەبنەوە و لەسەر ميكانيزمێكى کارکردن ڕێكدەكەون، هەر لەو بارەيەوە هێمن هەورامى، جێگرى سەرۆكى پەرلەمان و ئومێد خۆشناو، سەرۆكى فراكسيۆنى پارتى سەردانى سەرۆكى پەرلەمانيان كردوە لە ماڵەكەى خۆى، بەڵام ئاگادارى ئەنجامەكەى نين."  

 

سەبارەت بە قسەكانى ئومێد خۆشناو و ئەگەرى كۆبونەوەى پەرلەمان بەبێ فراكسيۆنى يەكێتى و سەرۆكى پەرلەمان، جەمال حەوێز وتى، بەپێى پەيڕەوى ناوخۆ نە جێگر نە سكرتێر ناتوانن داواى كۆبونەوە بكەن ئەگەر سەرۆكى پەرلەمان رێگەيان پێنەدات و تەنها سەرۆكى پەرلەمان دەتوانێت بانگەوازى كۆبونەوە بكات.  

 

ڕۆژى 28ى حوزەیرانى ڕابردوو ئەنجومەنى سەرکردایەتى یەکێتى کۆبووەوە، بە ئامانجى تاوتوێکردنى پرسی هەڵپەساردنى بەشداریکردنیان لە حکومەت و پەرلەمان و ماوەى 30 رۆژى دیاریکرد بۆ بڕیاردان لەو بارەیەوە، ئەوەش دواى دەرکردنى بڕیارى کەمکردنەوەى موچەى فەرمانبەران لەلایەن حکومەتەوە.    

 

کۆبوونەوەکە دواى ڕاگەیەنراوەکەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى هات کە تێیدا پشتیوانى بۆ بڕیارەکەى حکومەت نیشاندا، بەڵام هەر زوو لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى لە پەیامێکدا هۆشداریدا لەوەى بەشدارییان لە حکومەت و پەرلەمان هەڵدەپەسێرن ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەنە رێککەوتن و شه‌فافییه‌ت نه‌بێت له‌ خه‌رجی و داهات.    

 

ئەى کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی؟    

تاوتوێکردنى پرسى کشانەوە لە حکومەت و پەرلەمان لەلایەن یەکێتییەوە لەکاتێکدایە، هەوڵێک لە ئارادایە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى تا لەسەر چارەسەرى کێشەکانیان ڕێکبکەون لەناویاندا کێشەکانیان لە حکومەت.    

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ناس کوردی وت، "پلانێک هەیە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى، بەڵام هێشتا وادەکەى دیار نییە، مەرجیش نییە بکەوێتە دواى کۆبوونەوەى سەرکردایەتى یەکێتى".    

 

کێشەکانى پارتى و یەکێتى لەدواى بەستنى کۆنگرەى یەکێتى یەوە زیاتر کەڵەکەبوون، کاتێک ئەو حزبە هاوسەرۆک و سەرکردایەتییەکى نوێی هەڵبژارد، ئەوەش پارتى خستە بەردەم حزبێکى نوێوە کە داواى پێداچونەوە دەکات بە سەرجەم رێککەوتنەکان و هەندێکجاریش رەخنە لە بڕیارەکانى حکومەت دەگرێت.    

 

کێشەکان زۆربەى جومگەکانیان گرتووەتەوە بەتایبەت لە حکومەت و پەرلەمان، تەنانەت لەسەر ئاستى سەربازیش کێشە لەنێوانیاندا دروستبوو لەچەند مانگى ڕابردوودا کاتێک دوو بارەگاى سەربازى جیاجیان لە سنورى زینى وەرتێ دانا.    

 

پێدەچێت یەکێتى لە ئێستادا چاوەڕوانى کۆبوونەوەکەى بێت لەگەڵ پارتى، پێش ئەوەى هەر بڕیارێک بدات بۆ کشانەوەى لە حکومەت و پەرلەمان.    

 

حاجى مەسیفى، جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى هەولێرى یەکێتى لەچەند رۆژى ڕابردوودا بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، "هەردوو حزب ڕەزامەندن لەسەر کۆبوونەوە ئەوەش تاکە چارەسەرە".      

 

هێشتا وادەى ئەنجامدانى کۆبوونەوەکە نادیارە، بەڵام ئەگەر ببەسترێت رەنگە لە بارەگاى سەرۆکایەتى هەرێم بێت لە هەولێر، لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو حزب لە چەند مانگى ڕابردوودا دووجار لەسەر بەستنى کۆبوونەوە رێککەوتن و پێش ئەنجامدانیان هەڵیانوەشاندەوە.      

 

لەدواى کۆتایی هاتنى کۆنگرەى یەکێتییەوە لە کۆتایی ساڵى ڕابردوودا کە بەرپرسانى ئەو حزبە بە کۆنگرەى "نوێبوونەوە" ناویان برد، هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان ئەو دوو حزبە نەکراوە.      

 

یەکێتی پڕۆژەى هەیە    

حاجى مەسیفى دەڵێت، "پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى، کە پرسی ناوخۆیی و پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و پرسی سنوربەزاندن خاکى هەرێمى لەخۆ گرتووە، لەگەڵ پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان".      

 

وتیشى، "لەسەر ئاستى ناوخۆ جەخت لەسەر پرسی شەراکەت و پێداچونەوە بە رێککەوتنەکان و خزمەتکردن بەخەڵک دەکەینەوە، هەروەها دەبێت پرسی پەیوەندییەکان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا چارەسەرى بۆ بدۆزرێتەوە".      

 

حاجى مەسیفى باسى لەوەشکرد، بەشێکى دیکەى پڕۆژەکە تایبەتە بە پرسی بەزاندنى سنور لەلایەن تورکیاوە، ناکرێت ئەو وڵاتە بە ئارەزوى خۆى پەنجا کیلۆمەتر خاک ببەزێنێت، دەبێت ئەو پرسانە چارەسەر بکرێن.      

 

یەکێتى ماوەى چەند مانگێکە جەخت لەسەر پرسی شەراکەت لە حکومەتدا دەکاتەوە لە ئاماژەیەکدا بۆ باڵادەستى و هەژمونى پارتى بەسەر کابینەکەدا، لەکاتێکدا ئەو حزبە بەردەوام تۆمەتى هەژمونى خۆى بەسەر حکومەتدا رەتدەکاتەوە و دەڵێت بڕیارەکان لەئەنجومەنى وەزیران بە کۆدەنگى دەدرێن.      

 

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى پێشتر بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، هەوڵ هەیە بۆ کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى و کۆبونەوە دەکرێت، بەڵام وادەکەى دیار نییە "ئێستا لە ڕاگەیاندن گرژییەکان نەماوە، ئەوەش هەلێکى باشە بۆ کۆبوونەوە".        

 

لەبارەى چارەسەرى کێشەکانەوە، ئاراس میرخان جەختیکردبووەوە لە ئێستادا کۆبوونەوەکە گرنگە، دواتر بۆ چارەسەرى کێشەکان دەکرێت کۆبوونەوەى دیکەش بکرێت.