ناس کورد-
چەند چەكدارێكی داعش هێرشێكیان كردە سەر ناوچەیەكی باكووری شاری سامەڕا و موختاری گەڕەكەكە و چەند كەسێكیان كوشت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەكی ئاگادارلە ڕوداوەكە لەشاری سامەڕاوە تایبەت بەناس كوردی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارەكان هێرشیان كردووەتە سەر گوندی سەمۆمی سەر بەناحیەی مەكیشفیە و موختاری گوندەكە و كوڕەكەی و دوو خزمیان كوشتووە و نەوەیەكی دیكەشیان بەسەختی بریندار كرد.
لەكاردانەوەی ڕوداوەكەشدا، شەعلان كەریم سەرۆكی عەشیرەتی ئەلبو عیسا داوای لەسەرۆك وەزیران كرد دەستوەردان بكات و لەڕێگای دامەزراندنی هێزەوە بۆ پاراستنی ناحیەكە ئەو خوێنبەربوونە ڕابگیردرێت.
سەرۆكی عەشیرەتی ئەلبو عیسی لەتویتێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، "دووبارە خەڵكی ناوچەی سەمومی سەر بەناحیەی مەكیشفیە خەڵتانی خوێن دەكرێن و چەندین كەسیان لێ شەهید دەكرێت بەدەستی تیرۆرییستە ترسنۆكەكانن".
شەعلان كەریم دەشپرسێت، تاكەی ئەو خاكە خەڵتانی خوێن دەكرێت و كێ وەڵامدەداتەوە...؟
دەشڵێت، كاتێك قسە لەسەر ڕوداوەكان دەكەن هەندێك دووڕوو ڕوبەڕوویان دەبنەوە، كاتێك داوای دامەرزاندنی هێزێك لەخەڵكی ناوچەكە دەكەن بەپاساوی هیچ ڕەتدەكرێتەوە، بۆیە داوا لە سەرۆك وەزیران دەكەن ئەو خوێنبەربوونە ڕابگرێت و هێزێكی تایبەت بۆ پاراستنی ناحیەكە دابمەزرێنێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە ، لەجەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵ لەمانگی ئایاردا، هێرشێكی هاوشێوە كرایە سەر فەجێكی حەشدی دیجلە لەناحیەكە و 8 چەكداری فەوجەكە كوژراو ژمارەیەكی دیكەشیان لێ بریندار بوون.