گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە رێکارى نوێ پشکنینى کۆرۆنا بۆ گەشتیاران دەکرێت

فڕۆکەخانەى سلێمانى وادەى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان ڕادەگەیەنێت

2020.07.24 - 21:41
فڕۆکەخانەى سلێمانى وادەى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان ڕادەگەیەنێت

ناس کورد-

 

بڕیارە سەرەتاى مانگى داهاتوو گەشتە ئاسمانییەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى دەستپێبکاتەوە، دواى زیاتر لە چوار مانگ لە وەستانیان بەهۆى بڵاوبوونەوەى کۆرۆناوە.

 

تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند "یەکى مانگى داهاتوو گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکە دەستپێدەکاتەوە و دەسەڵاتى فڕۆکەوانى مەدەنى عێراق ئاگاداریکردوینەتەوە".

 

فڕۆکەخانەى سلێمانى ئامادەکاریی کردووە بۆ دەستپێکردنەوەى گەشتەکان، بەتایبەتى بۆ پشکنینى ئەو کەسانەى کە لەرێگەى فڕۆکەخانەکەوە گەشت دەکەن.

 

تاهیر عەبدوڵا وتى "پشکنینەکان بە ڕێکار و ئامێرى نوێ دەکرێن، خۆمان ئامێرێکمان دابینکردووە بۆ پشکنینى کۆرۆنا لەڕێگەى مەچەکەوە کە پشکنینەکان لەسەر شاشە دەردەکەوێت".

 

پێشتر فڕۆکەخانەى سلێمانى داواى لە حکومەتى هەرێم کردبوو ئامێرێکى تایبەت بە پشکنینى کۆرۆنایان بۆ دابین بکات، تا لەکاتى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان پشکنینى کۆرۆنا بۆ گەشتیاران بکرێت.

 

تاهیر عەبدوڵا باسى لەوەکرد، هێشتا ئەو ئامێرە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ئەوان دابیننەکراوە، چاوەڕوانن لەگەڵ ئامێرەکەى خۆیان سود لەو ئامێرەش وەربگرن.

 

پێش قەدەغەکردنى گەشتە ئاسمانییەکان، لە فڕۆکەخانەکانى هەرێم پشکنینى کۆرۆنا بۆ گەشتیاران دەکرا و گەشتیاران بۆ ماوەى 14 ڕۆژ لە فڕۆکەخانەکان کەرەنتینە دەکران، بەڵام رێوشوێنى کەرەنتینە پێناچێت لەکاتى دەستپێکردنەوەى گەشتەکان بگیرێتە بەر.

 

پێشتر محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو، ئێستا ڕێکارى کەرەنتین سودی نییە، چونکە پەتاکە تەشەنەی کردووە و لەدەست دەرچووە و لە هەموو جیهانیشدا بەربڵاوبووەتەوە، بۆیە دەبێت ڕێکاری جیاواز لە فڕۆکەخانەکان بگرنە بەر.

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو، "کردنەوەی فڕۆکەخانەکانە ئەرکی سەرشانی حکومەت و وەزارەتی تەندروستیی لەبارەی پشکنینی گەشتیارانەوە قورستردەکات لەڕووی کرداریی و داراییەوە، چونکە پشکنییەکان پارەیەکی زۆری تێدەچێت، نازانین ئەو گەشتیارانەی کە گومانیان لێدەکرێت هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا چیان لێدەکرێت، چونکە لەفڕۆکەخانەکان جێگای تایبەتمان بە مانەوەیان نییە". 

 

بەپێی بڕیارى دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق، ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان تەنها گەشتى هاوڵاتیانى گرتووەتەوە، گه‌شتی فڕۆکه‌کانی مانگى سور و سەربازى و يارمەتییە تەندروستييەكان و فریاگوزارییەکان و بارهه‌ڵگر(کارگۆ) لەماوەى قەدەغەکردنەدا بەردەوام بووە.  

  

بەپێی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی شارستانی، 71 وڵات لە سەرتاسەری جیهان وادەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانیان دەستنیشانکردووە، کە لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ناچاربوون گەشتە ئاسمانییەکانیان رابگرن.   

  

بەپێی خشتەکەی رێکخراوی جیهانیی فڕۆکەوانی مەدەنی، زۆربەی وڵاتان لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیران ڕابردووە تاوەکو سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ گەشتەکانیان بەردەوام دەبێت تەنانەت ئەمەریکا کە زەرەرمەندترین وڵاتە بە پەتای کۆرۆنا، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا ڕێگە بە گەشتە ئاسمانییەکان بدات.  

  

ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەی ئامارە جیهانییەکانى کەرتی فڕۆکەوانی زەرەرمەندترین کەرتە بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە، بەپێی یەکێتیی نێودەوڵەتیی گواستنەوە (ئیاتا)، مەزەندە دەکرێت ئەمساڵ کەرتی فڕۆکەوانی 314 ملیار دۆلار زەرەر بکات، ئەوەش جگە لە 550 ملیار دۆلار کە رەنگە وەکو قەرز بکەوێتە سەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی.