گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەخۆشکەوتنى پاشا یان ناڕەزایی پێشوازیکردن لە زەریف

راپۆرتێکى ئەمریکى شیکردنەوە بۆ دواکەوتنى سەردانەکەى کازمى بۆ سعودیە دەکات

2020.07.24 - 19:04
راپۆرتێکى ئەمریکى شیکردنەوە بۆ دواکەوتنى سەردانەکەى کازمى بۆ سعودیە دەکات

ناس کورد-

 

سەردانەکەى هەفتەى ڕابردووى محەمەد جەواد زەریف وەزیرى دەرەوەى ئێران بۆ بەغدا رەنگە بۆ تێکدانى هەوڵەکانى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق بووبێت بۆ باشکردنى پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ سعودیە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پەیمانگایەکى توێژینەوەى ئەمریکى.

 

بەپێی راپۆرتەکە کە لەلایەن پەیمانگاى ئەتڵەسى کە بارەگاکەى لە واشنتۆنە ئامادەکراوە، ئێران لەرێگەى سەردانەکەى زەریفەوە بۆ بەغدا پێش چوونى زەریف بۆ ریاز ئاماژەیەکى روونیداوە کە کازمى لەسەردانەکەیدا بۆ ریاز تەنها تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ سعودیە نەکات، بەڵکو پەیامێکى ئێرانیش هەڵبگرێت بۆ ئەو وڵاتە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئێرانییەکان دەیانەوێت نزیکبوونەوەى بەغدا و ریاز تێکبدەن، کاتى سەردانەکەى زەریفیش نەگونجاو بووە، لەکاتێکدا بڕیاربوو تاران دواى سەردانەکەى بۆ سعودیە بچێتە تاران. بەڵام دواتر نەخۆشکەوتنى پاشاى سعودیە سەردانەکەى دواخست.

 

بەپێی راپۆرتەکە "هێشتا روون نییە ئایا سعودییەکان بەهۆى نەخۆشکەوتنى مەلیک سەلمانەوە سەردانەکەیان دواخستووە، یان ناڕەزایی ئەوان بووە بەرانبەر بڕیارى عێراق بۆ پێشوازیکردن لە زەریف".

 

بڕیاربوو کازمى رۆژى دوشەممە بچێتە سعودیەى رکەبەرى ئێران، پێش سەردانەکەى بۆ تاران، بەوەش سعودیە دەبووە یەکەم وێستگەى سەردانەکەى، بەپێچەوانەى سەرۆکوەزیرانەکانى پێشووەوە کە یەکەمجار سەردانى ئێرانیان دەکرد.

 

بڕیارە کازمى لەسەردانەکەیدا بۆ سعودیە کە هێشتا وادەکەى دیارینەکراوە، چەند رێککەوتنێک لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئەو وڵاتە لە بوارى وزە و بازرگانى و وەرزش و پڕۆژەکانى ژێرخان واژۆ بکات.

 

کازمى لەچەند رۆژى ڕابردوودا جەختیکردبووەوە بەم نزیکانە سەردانەکەى بۆ سعودیە ئەنجام دەدات.