گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ئەفسەرێک بەپرسیارە کە هێشتا لە پۆستەکەیدایە’’

وەزيرى پێشووى بەرگریی عێڕاق چەندين نهێنی لەبارەى كوشتنى خۆپيشاندەران و گەندەڵى گەورە ئاشكرا دەكات

2020.07.24 - 14:37
وەزيرى پێشووى بەرگریی عێڕاق چەندين نهێنی لەبارەى كوشتنى خۆپيشاندەران و گەندەڵى گەورە ئاشكرا دەكات

ناس کورد-

ناجیح شەمەرى، وەزيرى پێشووى بەرگریی عێراق چەندين بابەتى شاراوە لەسەر كوشتنى كۆپيشاندەرانى عێراق ئاشكراكرد و جەخت دەکاتەوە ناوى سەرجەم ئەو کەسانەى تێوەگلاون ڕادەستى دادگا كراون، دەشڵێت، ڕووداوەكان بەبێ ئاگادارى سەرۆكوەزيرانى پێشوو ڕوويانداوە.

 

ناجیح شەمەرى لە گفتوگۆيەكى تەلەفزيۆنيدا ئاماژەى بەوەداوە، "ئەوەى دەوترێت گوايە بە تۆمەتى كوشتنى خۆپيشاندەران لەلايەن دادگاى سويديەوە دادگايى دەكرێم ڕاست نييە،" دادگاى سويدى پەيوەندى بە بابەتە ناوخۆييەكانى عێراقەوە نييە و هەموو ئەوەى بووە ئەو تۆمەتانەيە لەلايەن ڕۆژنامە سويدى و عێراقيیەكانەوە ئاڕاستەم كراوە بەڵام داواكارى گشتى تۆمەتەكانى لابردووە و دادگا دادپەروەرە و موجامەلە ناكات.

 

ئەوەشى ڕونكردووەتەوە، كاتێك سوپا لە كوشتنى خۆپيشاندەران بێبەرى كرا لە ناوخۆ و دەرەوە كار دەكرا بۆ ئەوەى كاريگەرى دروست بكەن، بۆيە پارێزەرێكم گرت و سكاڵاى لەسەر ڕۆژنامەيەكى سويدى تۆمار كرد و داواكارى گشتىیی سويد بێبەرى كردم لە سەرجەم تۆمەتەكان، بەهيچ شێوەيەك ڕووبەڕووى لێپرسينەوە نەبوومەتەوە لەلايەن دەسەڵاتدارانى سويدەوە ياخود هيچ لايەنێكى تر لەسەر مەلەفى كوشتنى خۆپيشاندەران.

 

وەزيرى پێشووى بەرگریی عێراق دەشڵێت، حكومەتەكەى عادل عەبدولمەهدى بە دڵسۆزيەوە بۆ عێراق كارى دەكرد، بەڵام ئاژاوەيەك هەبوو لەسەر ئاستى ئەمنى كێشە لە هێزە چەكدارەكانى عێراق و مەلەفى ئەمنى لە حكومەتى پێشوو كاريگەرى لەسەر ئەداى حكومەت هەبوو بەشێوەيەكى گشتى.

هێماى بۆ ئەوەشكردوە، لە حكومەتەكەى عادل عەبدولمەهدى مەلەفى كوشتنى خۆپيشاندەران ئاشكرا كرا و ڕادەستى دادگا كرا، سەرجەم ناوەكان لاى دادگا بوونيان هەيە و بڕيار لەسەر بابەتەكە دەدات، يەكەم لايەن كە تەقەيان لە خۆپيشاندەران كرد ئەندامانى سوپاى عێراقى بوون بەڵام ڕۆژى دواى ئەوە لەلايەن لايەنێكى ترەوە تەقە لە خۆپيشاندەران و سوپاش كرا.

 

شەمەری باسى لەوەشكردوە، سەرۆكوەزيران پێشوو ليژنەيەكى لێكۆڵينەوەى لە كوشتنى خۆپيشاندەران پێكهێنا و داواى لێكردين لێكۆڵينەوەى دادپەروەران و شەفاف بكەين، ليستى ناوى تۆمەتباران ئامادەكرا و پيشانى سەرۆكوەزيران درا و دواتر ئاڕاستەى دادگا كرا، چەند ڕێوشوێنێكيش گيرايە بەر دژى ژمارەيەك ئەفسەر و خانەنشين كران.

 

ئەوەشى ڕونكردووەتەوە، ئەو كوشتنى خۆپيشاندەرانەى لە مەيدانى تەحرير ڕوويدا جياواز بوو لەوەى لە مەيدانەكانى حبوبى و موزەفەر ڕووياندا و هەر مەيدانێك ڕووداو و ڕاستى خۆى هەيە، بەهيچ شێوەيەكيش عادل عەبدولمەهدى فەرمانى ئەوەى دەرنەكردووە كە خۆپيشاندەران بكوژرێن و ڕووداوەكان بەبێ ئاگادارى ناوبراو ڕووياندا و نەيزانيبوو.

 

ئاشكراشيكردووە، ئەندامانى شانەى قەيرانەكان بە سەرۆكايەتى ياسين ياسرى، وەزيرى ناوخۆ لەيەكێك لە كۆبونەوەكاندا پلانى ئەوەيان دانا كە لەرێگەى هەليكۆپتەرەوە لە ڕێستۆرانتى توركى دابەزين ئەنجام بدەن لە ناوەڕاستى شارى بەغدا كە بارەگاى خۆپيشاندەراند بوون، بەڵام داوام لە عادل عەبدولمەهدى كرد كە واز لەو بيرۆكەيە بهێنن.

 

وەزيرى پێشووى بەرگرى بەردەوامە و دەڵێت، دواى كۆبونەوەكە و دواى كاتژمێر 2ى سەرلەبەيانى سەركردەى فڕۆكەوانى سوپا پەيوەندى پێوەكردم و وتى كە حەوت فڕۆكە دەردەكەن بۆ دابەزينى ئاسمانى لە ڕێستۆرانتى توركى بەڵام پێمووت كە فەرمانەكە هەڵوەشێنراوەتەوە، ئەوەشى پێوتم كە ئەفسەرێكى پلە بەرز سورە لەسەر جێبەجێكردنى پرۆسەكە.

 

شەمەی دەشڵێت، هەوڵيدا پەيوەندى بە سەرۆكوەزيرانەوە بكات بەڵام سودى نەبوو بۆيە پەيوەندى بە سەرۆككۆمارەوە كرد و داواى لێكرد جێبەجێكردنى فەرمانەكە دوابخات و ڕۆژى دواتريش بە ئامادەبوونى عادل عەبدولمەهدى كۆبونەوە كرا، لە كۆبونەوەكەدا پێم وت ئەو ئەفسەرەى لەبەردەمتايە فەرمانى كردووە بە ئەنجامدانى دابەزينى ئاسمانى، بەڵام هيچ ڕێوشوێنێكى دژى نەگرتە بەر سەرەڕاى ئەوەى بەبێ فەرمانى سەرۆكوەزيران فەرمانى بە فڕۆكەوانى سوپا كردبوو دابەزينەكە ئەنجام بدەن.

ئەو وەزيرەى پێشوو هێماى بۆ ئەوەشكردوە، دواتر كۆبونەوەكە كۆتايى هات و پێويست بوو بنێردرايە بۆ لێكۆڵينەوە و دواتر لێسەندنەوەى سەرجەم پۆستەكانى، ئەو ئەفسەرە لە كوشتنى خۆپيشاندەران تێوەگلابوو ئەگەر پرۆسەى دابەزينە جێبەجێ بكرايە واتاى كوشتنى لانيكەم 500 خۆپيشاندەر بوو.

 

هەر بەپێى قسەكانى شەمەری، مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى ئێستا لەڕووى ئەمنييەوە خاوەن توانا و شارەزاييە و چارەسەر بۆ كەيسى كوشتنى خۆپيشاندەران دەدۆزێتەوە و وەك خۆى جێى ناهێڵێت، ئامادەشە لەگەڵ هەريەكێكدا گفتوگۆ بكات كە گومانى لە قسەكانى هەيە جا سەرۆككۆمار يان كەسانى خوارتر بێت.

 

داواش لە حكومەتى كازمى دەكات هۆشیار بێت لەو هەڵانەى حكومەتى عادل عەبدولمەهدى تێكەوت و كاربكات بۆ دووبارە نەبونەوەيان، هەندێك دامەزراوەى ئەمنى بە ئەنقەست بارودۆخى ئەمنى تێكدەدەن و پێويستە كازمى ورياى ئەوە بێت، ئەو بەڕێوەبەرايەتيانە تێوەگلاون لە كوشتنى خۆپيشاندەران و تێكدانى زياترى بارودۆخى ئەمنى لەبرى چارەسەركردنى بەردەوام بوون لەو ئاژاوەى كە ڕوويدابوو.

 

سەبارەت بە وەزارەتەكەى خۆى دەڵێت، كارى لەسەر ڕووبەڕوبونەوەى گەندەڵى كرد و چەندين ئەفسەرى گەورەى ڕووبەڕووى دادگا كردەوە، ئەوەش دواى ئەوەى بۆى دەركەوت كە ياريان بە چەندين گرێبەستى گەورە كردبوو، 29 گرێبەستى هەڵوەشاندەوە بەهۆى ئەوەى گەندەڵيان تێدا كرابوو لە ديارترينيشيان گرێبەستى نەخۆشخانەى هێزە چەكدارەكان كە لەساڵى 2010  درابوو بە كۆمپانيايەكى توركى بەڵام جێبەجێ نەكرابوو.

 

دەشڵێت، ئەوەش سەرەڕاى خەرجكردنى 130 مليار ديارى عێراقى لە پڕۆژەكەدا، هەروەها شوێنى نيشتنەوەى فڕۆكەى تايبەت كە درابوو بە وەبەرهێنێكى عێراقى كە پێچەوانەى گرێبەستەكەبوو ئەستەم بوو فڕۆكەى فرياگوزارى بتوانێت لەو شوێنە بنيشێتەوە.

 

لەكۆتايى قسەكانيدا شەمەری ڕايگەياندوە، ئەوەى سەرنجى ڕاكێشام گرێبەستى بنكەى "سويرە"ى ئاسمانى بووە، فڕۆكەكان گەيشتنە عێراق و ئەفسەرەكان گەيشتنە پلەى نەقيب بەڵام بنكەكە تەواو نەبوو كە گرێبەستەكەى 600 مليۆن دۆلار بوو، ئەوانەى تێوەگلابوون ئەفسەرى پلە باڵا بوون و ڕەوانەى دادگا كران.