گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی کتێبەکەیەوە یەکێک لە دیارترین خەڵاتەکانی بردەوە

ئەو نوسەرە کوردەی شەش ساڵ لە ئوستوڕاڵیا دەستبەسەر بوو لە نیوزلەندا مافی پەنابەرێتی وەرگرت

2020.07.24 - 09:58
App store icon Play store icon Play store icon
ئەو نوسەرە کوردەی شەش ساڵ لە ئوستوڕاڵیا دەستبەسەر بوو لە نیوزلەندا مافی پەنابەرێتی وەرگرت

ناس کورد-

بەهرۆز بوشانى، نوسەرى كوردى ڕۆژهەڵاتى كوردستان لەلايەن نيوزلەنداوە مافى پەنابەرى پێدرا، ئەوەش دواى ئەوەى بۆ ماوەى شەش ساڵ لە سەربازگەيەكى ئوستوڕاڵیا دەستبەسەركرا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى ڕۆيتەرز بڵاويكردوەتەوە، پێش هەشت مانگ بەهرۆز بوشانى چووە وڵاتى نيوزلەندا بۆ بەشداريكردن لە ميهرەجانێكى ئەدەبى و دواتر لەو وڵاتە مايەوە، ئەوەش سەرەڕاى ئەوەى كاتى ڤيزاكەى كە تايبەتبوو بە سەردانيكردن كۆتايى هاتبوو.

 

فيۆنا واتريج، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى كۆچى نيوزلەندا بە ئاژانسەكەى وتووە، بوشانى وەك پەنابەرێك دانيپێدانراوە ئەوەش بەپێى ڕێكەوتنى ساڵى 1951ى تايبەت بە بارودۆخى پەنابەران و پرۆتۆكۆڵى 1967.

 

ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، بە هۆكارى ياسايى و تايبەت بەڕێوەبەرايەتى كۆچى  نيوزلەندا ناتوانێت هيچ لێدوانێكى تر لەو بارەيەوە بدات.

 

ساڵى 2013 بەهرۆز لە دورگەى مانۆس لە بابوا گينياى نوێ دەستبەسەر كرا ئەوەش دواى ئەوەى لەسەر يەكێك لە بەلەمەكانى كۆچەران دەستيگر كران كە بەرەو ئوستوڕاڵیا دەچوون.

 

ئەو نوسەرە كوردە يەكێك بوو لە ڕەخنەگرە ديارەكان لەشێوازى مامەڵەكردنى لەگەڵ کۆچبەراندا بەهۆى سياسەتە توندەكانى كۆچ لە ئوستوڕاڵیا.

 

لە كتێبەكەيدا بەناوى "جگە لە چياكان هاوڕێ نييە" كە لەڕێگەى مۆبايلەوە نوسيويەتى و بۆ يەكێك لە بڵاوكەرەوەكانى ناردووە و و لەلايەن يەكێك لە هاوڕێكانيەوە وەرگێڕدراوە بۆ ئينگليزى، باس لە گەشەتەكەى بۆ ئوستوڕاڵیا و چۆنیەتی دەستگيركردن و ڕاگرتنى دەكات.

 

كتێبەكەى ئەم نوسەرە توانى خەڵاتى "ڤيكتۆريا بۆ ئەدەب" بباتەوە كە نرخى خەڵاتەكە 72 هەزار و 390 دۆلارى ئەمريكييە و يەكێكە لە ديارترين خەڵاتە ئەدەببيەكان لەو وڵاتە.

 

دواى بردنەوەى خەڵاتەكە بەهرۆز باسى لەوەكردبوو، هيواخوازە خەڵاتەكە تيشك بخاتە سەر ئەو نەهامەتييە، زياتر لە 1000 كەس لەو ناوەندانەى ئوستوڕاڵیا بەڕێوەيان دەبات لەدەرەوەى خاكەكەى خۆى دەستبەسەر كراون.

 

ئەو پەنابەرانەى كە لە ئاوەكانى نزيك ئوستوڕاڵیا دەستگير دەكرێن دەنێردرێنە بابوا گينياى نوێ و دورگەى ناۆرۆ لە زەرياى هادى و لەو ناوەندانەى بۆ پەنابەران دروستكراون دەستبەسەر دەكرێن، بەشێك لەو پەنابەران چەندين ساڵە لەو ناوەندانەدان و رێگەيان پێنادرێت كە بچنە ناو خاكى ئوستوڕالیا و نيشتەجێ ببن.