کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئیدانەی پێشوازی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەڕەنسا لە شاندی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کرد و بە هەنگاوێکی مەترسیداری ناوبرد.
.
حامی ئاکسۆی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: "ئیدانەی پێشوازی ماکرۆن لە شاندی ھێزەکانی سووریای دیموکراتی سەر بە پەیەدە دەکەین، ئەم ھەوڵە دەستکردە، مەبەست لێی بە شەرعیکردنی درێژکراوەکانی رێکخراوی تیرۆریستییە، لەگەڵ پەیوەندی ھاوپەیمانی ناگونجێ و ھەنگاوێکی زۆر ھەڵەیە".
.
وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە: "دووبارە ئەوە بەبیردەھێنینەوە کە نابێ رێگە بە بەردەوامی ئەو کارانە بدرێت کە تیایدا یەکپارچەیی خاک و یەکێتی سیاسی سووریای کردووەتە ئامانج، ھاوکات تورکیا سڵ ناکاتەوە لە گرتنەبەرەی رێوشوێنی پێویست بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی".
.
دوێنێ هەینی، ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پێشوازی لە شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوا کرد و پشتیوانیی بەردەوامی کرداریی فەڕەنسای دووپاتکردەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش "کە تا ئێستاش هەڕەشە لە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکات".
.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە کردبوو، "پاریس هاوکاریی دارایی پێشکەش دەکات"، بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان و پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتییە مەدەنییەکانی سوریا.
.
هاوکات هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، لەدوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ماکرۆن جەختیکردۆتەوە لە پێویستیی پاڵپشتی دارایی ئیدارەی خۆبەڕیوەبەری بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاڵپشتیکردنی ئاسایش و سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
.
.