گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سۆران عومەر: سەرۆکی پەرلەمان منی تەسلیمی پارتی کرد.. یەکێتی دەبێت حسابی لەگەڵ بکات

2020.07.23 - 17:15
سۆران عومەر: سەرۆکی پەرلەمان منی تەسلیمی پارتی کرد.. یەکێتی دەبێت حسابی لەگەڵ بکات

ناس کورد-

سۆران عومەر، ئەندامی فراسکیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان ئەوی تەسلیمی پارتی کردووە و یەکێتی دەبێت حەق و حسابی لەگەڵ بکات، دەشڵێت، لەگەڵ بانگهێشتکردنی پەرلەمانتاران بۆ دانیشتنی پەرلەمان لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمانەوە، واتە مانایەک بۆ بونی سەرۆکی پەرلەمان نەھێڵراوە.

 

بەگوێرەی نوسراوێکی فەرمی لە پەرلەمانی کوردستانەوە، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کردووە بۆ کۆبوونەوە لەڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەوەش دوای ئەوەی یەکێتی بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی داوە.

 

لەوبارەیەوە سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی: " ئەم بانگێشتە بەپێی بڕگەی یەکەم لەمادەی 19ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کراوە، واتە پیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەلایەن جێگر لەکاتی ئامادەنەبونی سەرۆکی پەرلەمان،لەکاتێک دا سەرۆکی پەرلەمان لە ھەرێمە، لەشاری ھەولێرە، لە تەلاری پەرلەمانیش بووە."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: " ئەمە ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان ڕەتی نەکاتەوە و ڕاینەگرێت مانایەک بۆ بونی سەرۆکی پەرلەمان نەھێڵراوە، ھەرچەندە سەرۆکی پەرلەمان لەھەڵگرتنی پارێزبەندی بەندەدا ئەوکات تەنازولی لەدەسەڵاتەکانی کردبوو بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان تاکو پارتی بەرنامەی کار دابنێ و پارێزبەندی ھەڵگرێت، ھەمان سیناریۆ دوبارە دەبێتەوە."

 

سۆران عومەر ئەوەشی خستووەتەڕوو: " گەر سەرۆکی پەرلەمان خۆی تەنازولی نایاسایی بۆ جێگر نەکردوە ئەبێ ئەم بێ ڕێزیە بە دەسەڵاتەکانی لەسەر کاغەز قبوڵ نەکات! بەداخەوە ئەوکاتە تەنازولی کرد کە منی تەسلیم بەپارتی کردو بۆشی ڕێک نەکرایەوە."

 

 

ئەو پەرلەمانتارەی کۆمەڵی ئاماژەی بەوەشكردووە:"ھەرچەندە لەسایەی ئەم سەرۆکی پەرلەمان و جێگرە، ئەو کەمە شکۆو دەسەڵاتە و ھیوایەی پەرلەمان ئەگەر مابوبێت ئەوەشیان نەھێشت، ھەر فراکسیۆنێکیش بەدەم بانگێشتی نایاسایی جێگرەوە بچێت واتە شەرعیەت دەدات بە کودەتای سپی پارتی بەسەر پەرلەمان و زۆرینە موزەیەفەکەی."

 

سۆران عومەر نوسیویشیەتی: "ئەمەی پارتی دوا بزمارە لەتابوتی پەرلەمان، نابێت فراکسیۆنەکانی دیکە قبوڵی بکەن، یەکێتیش دەبێت حەق و حسابێک لەگەڵ ئەم سەرۆکی پەرلەمانە بکات کە ئاوای لەپەرلەمان کرد."