گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەكۆتا ساتدا ئەنجێلا مێركڵ رێگەى لە هەڵگيرسانى شەڕ لەنێوان يۆنان و توركيا گرت

2020.07.22 - 23:47
لەكۆتا ساتدا ئەنجێلا مێركڵ رێگەى لە هەڵگيرسانى شەڕ لەنێوان يۆنان و توركيا گرت

ناس کورد-

لەكۆتا ساتەكاندا ئەنجێلا مێڕكڵ، ڕاوێژكارى ئەڵمانيا رێگەى لە هەڵگيرسانى شەڕێك گرت لە نێوان يۆنان و توركيا، بەهۆى پەرەسەندنى ناكۆكيەكانى نێوانيان.

 

ڕۆژنامەى "بێڵد"ى ئەڵمانى بڵاويكردەوە، زانيارى ئەوەى دەستكەوتوە كە ئەنجێلا مێركڵ لە رێگەى هەوڵە دبلۆماسییەکانیەوە لە كۆتا ساتەكاندا ڕێگەى لەوە گرتوە كە شەڕ لەنێوان يۆنان و توركيا هەڵگيرسێت، ئەوەش دواى ئەوەى سوپاى هەردولا خەريك بووە بەيەكدا بدەن.

 

بەگوێرەى ڕۆژنامەکە، شەڕەكە خەريك بووە لە نزيك دورگەى كاستيلۆريزۆ هەڵگيرسێت، ئەوەش دواى ئەوەى ئەنقەرە ڕايگەياندوە كە دەستدەكات بە كارى گەڕان بەدواى نەوتدا لەنزيك دورگەكە كە سەر بە يۆنانە و دەكەوێتە نزيك كەنارەكانى توركيا.

 

ئێوارەى ڕۆژى (سێشەممە)ش سوپاى يۆنان ڕايگەياند كە هێزەكانى لە ڕۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست چوونەتە ئەوپەڕى حاڵەتى ئامادەباشييەوە، چونكە هەستيان بە جوڵەى سەربازى توركيا كردوە لە نزيك دورگەكە لەگەڵ ڕاگەياندنى دەستكردن بە گەڕان بەدواى نەوتدا.

 

سوپاى يۆنان ئەوەشى ڕونكردبوەوە، 15 گروپى دەرياييان بينيوە كە لە بنكەى سەربازى "ئاكساز"ى توركياوە كەوتونەتەڕێ، ئەوەش گومانى لاى دەسەڵاتدارانى يۆنان و هێزى دەريايى دروستكردوە.

 

بێڵد ئەوەشى ئاشكراكردوە، فڕۆكە و كەشتيە جەنگيەكان تەنها يەك هەنگاويان مابوو بۆ دەستكردن بە شەڕ، هەڵسوكەوتە زيادەڕەوييەكانى توركيا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ناوچەكەدا بووەتە هۆى زيادبونى گرژيەكان بەتايبەتى لەگەڵ يۆنانى دراوسێى.

 

پێشتر "كونستانتينۆس فلۆرۆس" سەرۆك ئەركانى سوپاى يۆنان باسى لەوەكردبوو، توركيا هەڕەشەيە لەسەر يۆنان و چەندين دەوڵەتى تريش، ئەنقەرە سەقامگيرى ناوچەكە تێكدەدات.

 

چەندين دەيەيە يۆنان و توركيا لەسەر ژمارەیەک لە دۆسیە گرژى لەنێوانياندايە و كێشمەكێشەكانيش لەسەر مافى بەدەستهێنانى كانزاكان لە دەرياى ئيجە و كەنارەكانى قوبرس دەستيان پێكرد، هەروەها توركيا دەستوەردان لە كاروبارى ناوخۆيى ليبياش دەكات و لەئێستاشدا لە باشور و ڕۆژئاواى كوردستانيش پرۆسەى سەربازى دژى هێزە كورديەكان ئەنجام دەدات.