گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق ئامادەیە یەکەم ڤاکسینی باوەرپێکراوی دژ بە کۆرۆنا هاوردە بکات

2020.07.22 - 21:45
App store icon Play store icon Play store icon
عێراق ئامادەیە یەکەم ڤاکسینی باوەرپێکراوی دژ بە کۆرۆنا هاوردە بکات

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەن یەکەم ڤاکسینی باوەرپێکراوی کۆرۆنا لەڕووی زانستییەوە هاوردە بکەن ئەگەر دروستکراوی هەر وڵاتێکیش بێت ڕەتیشکردەوە، هیچ گرێبەستێکیان بۆ هاوردەکردنی ڤاکسینێکی دروستکراوی چین و وڵاتی ئیمارات  واژۆ کردبێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا جیهانییەکان ئاماژەى بەوە کرد  "لەئێستادا عێراق لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وڵاتانی جیهان و ئەو لایەنانەی کە لەئێستادا سەرقاڵی دروستکردنی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنان".

 

جەختیشیکردەوە، "دەسەڵاتی تەندروستیی عێراق ئامادەیە یەکەم ڤاکسینی باوەرپێکراوی نەخۆشییەکە لەڕووی زانستیی و پزیشکییەوە هاوردە بکات ئەگەر دروستکراوی هەر وڵاتێکیش بێت".

 

بەدر، ئەو دەنگۆیانەشی ڕەتکردەوە کە گوایە عێراق لەسەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوودا هاوردەی ئەو ڤاکسینە دەکات کە لەئێستادا چین و وڵاتی ئیمارات بەهاوبەشی سەرقاڵی دروستکردنین".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئەوەشی ئاشکراکرد "ژمارەیەک زۆر لە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و زەرفی تایبەت بە هەڵگرتنی خوێن گەیشتووەتە گەنجینەکانی وەزارەتی تەندروستی و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا بەسەر نەخۆشخانەکانی تاییەت بە چارەسەرکردنی توشبووانی ڤایرۆسەکە دابەشدەکرێت".

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 22ی تەموزی 2020) وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئامارێکی نوێی توشبوون و گیانلەدەستدانى بەکۆرۆنا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا دووهەزار و 706 کەسی دیکە توشی کۆرۆنا بوون و بەوەش کۆی ژمارەی توشبووان بۆ 99 هەزار و 865 حاڵەت بەرزبوەتەوە.