گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەسەر کێشەیەکی 15 ساڵ لەمەوپێش

مەحمود بۆ گەشت چوو بەڵام تەرمەکەى گەڕایەوە

2020.07.22 - 15:07
مەحمود بۆ گەشت چوو بەڵام تەرمەکەى گەڕایەوە

ناس کورد-

مەحمود ڕەشید رەنگە هەرگز بیرى بەلاى ئەوەدا نەچووبێت کە لەکاتى چوونی بۆ بە گەشت و بەسەربردنى کاتێکى خۆش، کێشەیەکى کۆنى 15 ساڵ لەمەوبەر یەخەى بگرێتەوە و بەهۆیەوە گیانلەدەستبدات.

 

مەحمودی تەمەن 49 ساڵ دانیشتووى ڕانیە بوو، ئێوارەى دوێنێ چووە بەنداوى سەروچاوە بەمەبەستى گەشتکردن، بەڵام لەناکاو لەلایەن کەسێکەوە دەستڕێژى گولـلەى لێکرا و بەهۆیەوە گیانى لەدەستدا.

 

ئەو کێشەیەى کە مەحمودى لەسەر کوژرا دەگەڕێتەوە بۆ 15 ساڵ لەمەوبەر، هەر ئەوکات بۆ ئەوەى سەرهەڵنەداتەوە سوڵحى عەشایەرى بۆ کێشەکە کرا، بەڵام دوێنێ سەریهەڵدایەوە کە مەحمود تێیدا کوژرا.

 

ئیدریس کە براى مەحمودە بە ناس کوردى وت، "براکەم 15 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ بکوژ پێکەوە لە خەباتە کاریان کردووە، بەهۆی هەڵەیەکەوە لەکاتی کارکردندا بکوژ قاچێکی لەدەستداوە و تاوانەکە خراوەتە ئەستۆی براکەم، هەرچەند ئەویش تاوانبار نەبووە ".

 

وتیشى، "دواتر بەڕێگەی عەشایەری سوڵحمان کردووە و کێشەکە کۆتایی هاتووە، بەڵام ئێستا کە براکەمی کوشتووە و بەحسابی خۆی تۆڵەی کردووەتەوە".

 

خێزانەکەى مەحمود لەدواى ڕوداوەکە لە پۆلیس سکاڵایان تۆمارکردووە و داوادەکەن لەو دۆسیەیەدا یاسا سەروەر بێت.

 

مەحمود کە خێزاندارە و خاوەنى چوار منداڵە، شۆفیرى ئۆتۆمبیلى فریاگوزارى پزیشکى بووە و لەو رووداوەدا شەش فیشەکى بەرکەوتووە، دواى گەیاندنى بە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.

 

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بەناس کوردی وت، "چەکی جۆری دەمانچە لە ڕووداوەکەدا بەکارهێنرا و شەش فیشەک بەر جەستەى کوژراوەکە کەوتووە، تەرمەکەی دوای توێکاری پزیشکی ڕادەستی کەسوکاری کراوەتەوە".

 

لەسەر رووداوەکە دوو کەس لەلایەن هێزەکانى پۆلیسەوە خراونەتە زیندانەوە و بە ماددەى 406ى تایبەت بە کوشتن لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەکرێت.

 

شۆڕش ئیسماعیل وتى، "یەکێک لەوانە تۆمەتباری سەرەکییە و خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان کردووە".