گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناکۆکییەکانى پشت پەردەى بازاڕى نەوت..ریاز و مۆسکۆ بازاڕ شۆک دەکەن؟

2020.07.22 - 10:42
ناکۆکییەکانى پشت پەردەى بازاڕى نەوت..ریاز و مۆسکۆ بازاڕ شۆک دەکەن؟

ناس کورد-

 

گەورە بەرهەمهێنەرانى نەوت روبەڕووى شۆک دەبنەوە ئەگەر لێدوانەکانى ئەمدواییەى سعودیە و روسیا هەردوو وڵاتى سەرکردەى ئۆپیک پڵەس پشتڕاستبکەنەوە، کە دەبێتە هۆى ئەوەى شێوازى کارکردنى ئێستاى ئۆپیک پڵەس بەم شێوەیە بەردەوام نەبێت. ئەگەریش ئاستى کۆگاکردنى نەوت لە کۆگاکان بەرزبێت و خواست کەمبێت، بازاڕى نەوت بوژانەوەى تەواوەتى بەخۆوە نابینێت.

 

 

لەو دۆخەدا پێویستە لەسەر مۆسکۆ و ریاز چارەسەرێکى درێژمەودا بدۆزنەوە، ئەگەر بیانەوێت بوژانەوەیەکى راستەقینە لە بازاڕى نەوت ببینن، ئەگەریش ئەوە روونەدات، ناکۆکى چاوەڕوانکراوى نێوان سعودیە و روسیا دەردەکەوێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى ئۆیل پرایسى ئەمریکى.

 

لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، دیدوبۆچوونە فەرمییەکان کە لیژنەى چاودێرى وەزارى هاوبەشى ئۆپیک پڵەس پێشنیازیکردووە ئاماژەیەکى ئیجابییە، لەکاتێکدا بریارى کەمکردنەوەى ئەو ئاستە دراوە کە پێشتر بەرهەمهێنەرانى نەوت لەسەرى رێکەوتبوون بۆ کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان، بەهۆى پێشبینى بەرزبوونەوەى خواستەوە.

 

وەزیرى وزەى سعودیە کە نێوەندگیرێکى بەهێزى ئۆپیکە، پێشبینى ئەگەرى درێژکردنەوەى رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنانى کردووە تا کۆتایی 2021 یان سەرەتاى 2022.

 

بەپێی راپۆرتەکە، بازاڕ هێشتا ئەو هەواڵە کەمەندکێشى نەکردووە، لەکاتێکدا دابەشبوونێکى چاوەڕوانکراو لە دید و بۆچوونەکان لەناو ئۆپیک پڵەس دەرکەوتوون، لەنێوان  ئەمیر عەبدولعەزیز وەزیرى نەوتى سعودیە و ئەلێکسەندەر نوفاک وەزیرى وزەى روسیا لەبارەى بازاڕى نەوتەوە.

 

بەوتەى نوفاک، سوککردنى چاوەڕوانکراوى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن ئۆپیک پڵەسەوە کە لەسەرەتاى ئابەوە دەستپێدەکات بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوتى رۆژانە پاساوى خۆى هەبووە و هاوشانە لەگەڵ ئاڕاستەى بازاڕ. بۆچونى روسیا لەبارەى زیادبوونى چاوەڕوانکراوى خواست لەسەر نەوت و بەرهەمەکانى زیاتر گەشبینیان پێوەدیارە.

 

بەڵام سعودیە دەڵێت نایەوێت روبەڕووى ئاستێکى ئابورى چاوەڕوانکراو ببێتە لەسەر شێوەى پیتى W لەگەڵ شەپۆلى دووەمى چاوەڕوانکراوى کۆرۆنا. لانى کەم ئەوە پەیامێکى فەرمییە کە سعودیە دەیەوێت ئاڕاستەى بکات، بەڵام ئەو پەیامە دەکرێت ببێتە هۆى روودانى گفتوگۆیەکى ناوخۆیی لەناو ئۆپیک، بەجۆرێک سعودیە هەڕەشەى پاشەکشە بکات لەهەڵگرتنى بەرپرسیارێتى وەک گەورەترین خاوەن پشکى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت.

  ناکۆکى چاوەڕوانکراو

ستراتیژیەکى گەورەى نەوتى سعودیە روبەڕووى رەخنە بووەتەوە لەناوخۆدا لەگەڵ بەردەوامى کەمبوونەوەى داهاتى هەناردە، بەپێی ئامارەکان کۆى هەناردەى نەوتى سعودیە و بەرهەمە نەوتییەکان لەمانگى ئایاریدا بۆ 7.48 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە دابەزیوە لە 11.34 ملیۆن بەرمیلەوە کە لە نیساندا تۆماریکردبوو.

 

بەپێی راپۆرتەکە، بنەماکانى بازاڕى نەوت هێشتا سروشتى نین، لەگەڵ بۆچوونى ئەندامانى ئۆپیک پڵەس کە ناکۆکى لەنێوانیان دەردەخات، بەڵام ئەنجامى کۆبوونەوەى مانگانەى لیژنەى وەزارى هاوبەش لە ئۆپیک پڵەس ئاماژەیەکى روونە لەسەر زیادبوونى خواستى روسیا و بەشێک لە ئەندامانى ئۆپیک بۆ هەڵوەشاندنەوەى رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان.

ململانێیەکى ئێستاى پشت پەردە لەسەر دەسەڵات لەپشت لێدوانەکانەوە شاردراوەتەوە، بەڵام مەترسییەکى رون هەیە کە روبەڕووى مۆسکۆ و ریاز دەبێتەوە بەرەو ململانێیەکى نوێ، هەرچەندە لە ئێستادا مەترسییەکە ئەگەرى روودانى نییە، بەڵام ریاز نایەوێت بەرپرسیارێتى گەورەترین پشکى بەرهەمهێنان هەڵبگرێت، لەکاتێکدا دەجەنگێت بۆ پارێزگارى لە بوژانەوەى ئابورییەکەى.

 

چارەسەرێکى فشەڵ

لەپێناو روونەدانى مەترسى لەرێگەى روودانى قەیرانێکى دیکەى ناوخۆیی یان جەنگ لەسەر پشکى نەوت و بازاڕ بەشێوەى راستەوخۆ لەنێوان محەمەد سەلمان شازادەى جێنشینى سعودیە و ڤلادیمێر پوتینى سەرۆکى روسیا، پێشنیازى چارەسەرێک کراوە لەسەر بنەمایەکى فشەڵ، لەئێستادا پێشبینیدەکرێت بازاڕى نەوت روبەڕووى کورتهێنان ببێتەوە، کە ببێتە هۆى کێشانەوەى نەوتى خاو لە کۆگاکان. ئۆپیکیش چاوى لەوەیە لەساڵى 2021 ئاستى بەرهەمهێنانى بە بڕى 6 ملیۆن بەرمیلى رۆژانە بەرزبکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەرى روودانى بوژانەوەیەکى راستەقینەى ئابورى لاوازە، تەنانەت ئۆپیک لە راپۆرتێکى تایبەتدا ترسی خۆى نیشانداوە لە بەردەوامى ناهاوسەنگى بازاڕى نەوت، بەتایبەت ئەگەر شەپۆلى دووەمى کۆرۆنا بوژانەوەى ئابورى لاوازتر بکات.