گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەرپرسى شەرعى داعش لە سلێمانى دەستگیرکرا 

2020.07.21 - 13:40
وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەرپرسى شەرعى داعش لە سلێمانى دەستگیرکرا 

ناس کورد-

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەهاوکاری هێزەکانی دژە تیرۆری پارێزگای سلێمانی بەرپرسی شەرعی داعش لە قەزای خورماتوویان دەستگیرکردووە کە نیازی بووە لەڕێگەی سنورەکانی پارێزگاکەوە بۆ وڵاتێکی دراوسێی عێراق هەڵبێت.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 21ى تەموزی 2020) وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردوە و تیایدا ئاماژە ى بەوە کرد، "لە ئاکامی زانیاریی هەواڵگریی ورد و بەدواداچوونی بەردەوام بۆ ماوەی 72 کاتژمێر توانراوە بە هاوکاری هێزەکانی دژە تیرۆری پارێزگای سلێمانی بەرپرسی شەرعی داعش لە قەزای خورماتوو دەستگیر بکرێت".

 

 لە ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەش هاتووە، " لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تیرۆرستەدا دانی بەوەدا ناوە کە پۆستی بەرپرسی شەرعی قەزای خورماتوی هەیە لەناو ڕێکخراوی داعش، بەمەبەستی هەڵاتن بۆ دەرەوی عێراق هاتووەتە شاری سلێمانی، لە ئێستادا بە پێی ماددەی چواری تیرۆر ڕاگیراوە".  

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستوەتەوە ڕوو، "تیرۆرستەکە هەوڵیداوە لە ڕێگای سنورەکانی پارێزگای سلێمانییەوە بۆ وڵاتێکی درواسێی عێراق هەڵبێت".

 

 ئاماژە بەوەشکراوە، دەزگا هەواڵگرییەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە هەمانکاتدا توانیویانە دوو تیرۆرستی دیکەی سەربەڕێکخراوی داعش لە  قەزای (شڕقات)ی سەربە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر بکەن.