گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزارەتى نەوتى عێراق: لەپێدانى سوتەمەنى بێبەرامبەر بە موەلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبین

2020.07.21 - 10:06
وەزارەتى نەوتى عێراق: لەپێدانى سوتەمەنى بێبەرامبەر بە موەلیدە ئەهلییەکان بەردەوام دەبین

ناس کورد-

وەزارەتى نەوتى عێراق جەختى لەسەر بەردەوامبوونى پێدانى سوتەمەنى بێبەرامبەر بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانى بەغدا و پارێزگاکانى ترى عێراق کردەوە.

 

سەرچاوەیەک لە وەزارەتى نەوتى عێراقەوە بە میدیاکانى عێراقى وتووە "کۆمپانیاى دابەشکردنى سوتەمەنى بەردەوامە لە پێدانى سوتەمەنى بە خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانى شارى بەغدا و شارەکانى ترى عێراق و بۆ هەر کەیڤییەک 25 لیتر گاز دەدرێت لە کاتێکدا پێشتر بۆ هەر کەیڤییەک 10 بۆ 15 لیتر گاز دەدرا.

 

بەگوێرەى سەرچاوەکەى وەزارەتى نەوت، پێدانى ئەو بڕە گازە بۆ ئەوەیە موەلیدە ئەهلییەکان کارەباى بەردەوام بۆ هاووڵاتیان دابین بکەن لەو کاتانەى کە کارەباى نیشتیمانى دەبڕیت.

 

ئاماژەشى بەوە کرد "لەسەر بڕیارى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بەشە سوتەمەنى خاوەن موەلیدەکان بەبێبەرامبەر دەبەخشرێت، ئەمە لەکاتێکدا کە تەنها موەلیدە تۆمارکراوەکانى شارى بەغدا زیاتر لە شەش هەزارە و مانگانەش زیاتر لە 42 ملیۆن لیتر گازیان پێدەدرێت".

 

جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە پێدانى ئەو سوتەمەنییە بە موەلیدە ئەهلییەکان بەبێبەرامبەر بۆ ئەوەیە کە کارەباى بەردەوام بۆ هاووڵاتیان دابین بکرێت و هەروەها نرخى کارەباى موەلیدەش لەسەر هاووڵاتیان زیاد نەکرێت.