گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەماشای ڤیدیۆی پێشوازی خەڵکی تارمییە بکە لە کازمی

کازمى لەناو خەڵکی قەزای تارمییەوە پەیامی نوێی بۆ گروپە چەکدارەکان نارد

2020.07.20 - 22:52
کازمى لەناو خەڵکی قەزای تارمییەوە پەیامی نوێی بۆ گروپە چەکدارەکان نارد

ناس کورد-

لە قەزاى تارمیەى باکورى بەغدا لەناو ئاپۆراى خەڵکدا، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق پەیامێکى توندى ئاڕاستەى میلیشیا چەکدارەکان کرد و ڕایگەیاند، رێگە بە گەڕانەوەى تائیفەگەری نادات.

 

تارمیە دەکەوێتە دورى تەنها نزیکەى 20 کیلۆمەتر باکورى بەغداى پایتەخت، ناوچەیەکى کشتوکاڵى هێمنە لەسەر ڕوبارى دیجلە، بەڵام بەهۆى رووداوەکانى ئەمدوایەوە چاوەکان چونە سەرى.

 

ئەو قەزا بچوکە بووە سەرباسى میدیاکان، دواى هێرشەکەى ئەمدواییەى داعش کە بەهۆیەوە ئەفسەرێکى باڵاى سوپا کوژرا، دواتریش دەنگى ئەندام و لایەنگرانى میلیشیاکانى نزیک لە ئێرانى بەدوادا هات بۆ "پاککردنەوەى قەزاکە" و راگوێزانى دانیشتوانەکەى، ئەوەش بەپێی پێگەى حورە.

 

حکومەتى عێراق بەپەلە هاتە سەرخەت، قاسم ئەعرەجى، ڕاوێژکارى ئاسایشى نیشتیماى ناردە قەزاکە، پێش ئەوەى کازمى بچێتە ناوچەکە کە تێیدا چاوى بە خەڵک و هێزە ئەمنییەکان کەوت.

کازمى لەوتەیەکدا بۆ دانیشتووانى ناوچەکە جەختیکردەوە کە هێزە ئەمنییەکان هەوڵى فراوان دەدەن بۆ گەڕان بەدواى شانە نوستووەکانى تیرۆریستان، رێگە نادەن بە بوونى فیتنە لە تارمییە و هیچ ناوچەیەکى دیکەى عێراق.

 

وتیشى، "پڕوپاگەندەکان دژى هێزەکانمان ڕەتدەکەینەوە و قبوڵناکرێن، لەگەڵ ئەو هەوڵانەى دەدرێن بۆ زیندوکردنەوەى تائیفەگەری، بەرەنگارى ئەو کارە دەبینەوە".

 

پێش سەردانەکەى کازمى، ئەندامانى گروپە چەکدارەکان و لایەنگرانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگەشەیان بۆ تۆڵەکردنەوە دەکرد، هەندێکیش داواى راگواستنى دانیشتوانەکەی و کۆپیکردنى نمونەى جەرف سەخریان دەکرد، کە ناوچەیەکە دەکەوێتە باشورى بەغدا و لەژێر کۆنترۆڵى گروپە چەکدارەکاندایە.

 

راوێژکارى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق هێرشیکردە سەر ئەو داوایانە و جەختیکردەوە کە گەڕانەوەى مەزهەبییەت بۆ عێراق خەونێکى بەدینەهاتووە.